
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەقی ئەو رێككەوتنەی بڵاو كردەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی پەسند كرا سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستان و هەروەها ناردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەشی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاوتوێی رووداوەكەی شەوی رابردووی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەیەكی شاری كووت كە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 كەس گیانیان لەدەست دا.
بەشی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی رێككەوتنی نوێی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕالی سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و پرسی هەناردەكردنی نەوت و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەو رێككەوتنە پەسند كرا كە دوێنێ چوارشەممە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەركرابوو.
دەقی رێككەوتنە نوێیەكەی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕالی بریتییە لەمەی خوارەوە:-
یەكەم / دۆسییەی نەوت
1- حکوومەتی هەرێم دەست دەکات بە هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکان بە بڕی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمە جگە لە هەر زیادکردنێک كە لە داهاتوودا لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی سۆمۆوە پەسند دەكرێت. هەروەها وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بەپێی یاسای هەمواركراوی بودجە بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار دەداتە حکوومەتی هەرێمی كوردستان.
2- ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان دەکرێت و تێچووی بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حکوومەتی هەرێم دابین دەكرێت. دواتر لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ پێویستی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەکرێت، ئەمەش لە ماوەی دوو هەفتەدا بە ڕاپۆرتێك پێشکەش دەکرێت.
دووەم / دۆسییەی داهاتە نانەوتییەكان
1- حکوومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار بۆ مانگی ئایار ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات.
2- گرووپێکی کارکردن لە دەستەی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێک دەهێنرێت بۆ وردبینی و پۆلێنکردنی داهاتی نەوت و دیاریکردنی پشکی حکوومەتی فیدراڵی لێی، لە ماوەی یەک مانگدا.
3- دەستبەجێ وەزارەتی دارایی دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران و مانگەکانی دواتریش.
لە كۆتاییدا نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە رێككەوتنەكە لە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و تاكو 31/12/2025 كاری پێ دەكرێت، هەروەها بۆ ساڵی 2026 دەبێت رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هەردوو حكوومەت واژۆ بكرێت.