
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پەیامێکی لەبارەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنەوەی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە. گوتیشی: پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە.
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا گوتی: دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنەوەی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیش ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی داوە، پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکوومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا، 17ـی تەممووزی 2025، لێکتێگەیشتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە و چاوەڕێش دەکرێت، یەکشەممەی داهاتوو، 20ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی عێراقی مووچەکە بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەوەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت، هەر لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی حوزەیرانیش خەرج بکات.
دوێنێ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.