
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شەڕی ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخی گشتیی ناوچەکە کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی نەدراوە و ئەمە کارێکی نادەستوورییە و پێمان وایە دەبووایە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی هیچ کێشەیەکی سیاسی نەکرێت. “
مەسرور بارزانی، جەختی کردەوە “بە هیچ جۆرێک واز لە هیچ مافێکی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین. لەو ماوەی ڕابردووشدا، ڕۆژ نەبووە کە خەریک نەبووبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و لەگەڵ دەسەڵاتداران لە پەیوەندیدا بووین. دوێنێش لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش قسەم کردووە کە ئێمە بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند، ئامادەن ئەم دوو ڕۆژە شاندێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە بنێرن.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد “بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانەوە، بڕی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە و تا ئێستا حکومەتی فیدراڵی زیانەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی قەرەبوو نەکردووەتەوە.
سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: “چاوەڕێمان دەکرد بڕیارێک لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە لە بەرژەوەندیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربکرێت، بەڵام ئێستا دادگاکە هەڵوەشاتەوە. ئێستا چاومان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە کێشەی مووچە چارەسەر بکات.”
گوتیشی: “دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین و ئەو شاندەی بڕیارە بۆ چارەسەکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بێتە هەولێر، لە ئاستێکی باڵایە و تەنیا شاندێکی تەکنیکی نابێت، بەڵكوو بەڵێنیان پێ داوین بێن کێشەکە چارەسەر بکەن و بتوانن بڕیار بدەن.” ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ حکومەتی عێراق نەگەیشتنە ڕێککەوتن، بە داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجییەکان یان بەهەر جۆرێک بێت، ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەین تا ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گوتی: “مەترسی هەبوو پەرەبسەنێت و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە؛ بەڵام دوای ئەوە بینیمان بە بەشداریی ئەمریکا و دەستپێشخەریی سەرۆک ترەمپ، ئاگربەست ڕاگەیێنرا و شەڕ ڕاگیرا. ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیە و هیوادارین ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە.” جەختیشی کردەوە: “ئێمە هەموو هەوڵێکمان دا وەکوو هەرێمی کوردستان کە دووربین لەم شەڕ و ئاژاوەیە. جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی بکەم کە ئەویش هەوڵی دا عێراق لەم شەڕە تێوەنەگلێت. هەروەها سوپاسی بەڕێز وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەکەم کە دەورێکی کاریگەری هەبوو لە ساحەی دیپلۆماسی بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەم شەڕ و ئاژاوانەدا.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “هیوادارم کە شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات و گفتوگۆ ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان و ناوچەکەی ئێمە لە جیاتی شەڕ و گرژی؛ بەرەوە ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری هەنگاو بنێت.