
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیاندرا
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23ی ئایاری 2025، لە واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتیش ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە بەشێکی بنەڕەتی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە ڕێبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. هەروەها ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد له میوانداریکردنی پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیا کرایەوە.
چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگی دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.