
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەین، پیرۆزبایی لە محەممەد شیاع سوودانی کرد.
رۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2024، سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتی ئەلفوراتەین”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە؛ “سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنەوەی سوودانی بە ئەمینداری گشتیی ڕەوتەکە، هیوا دەخوازێت کە دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەیان هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ کارکردن لەپێناو دابینکردنی خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا، کە لەسەر بنەمای دەستوور و دادپەروەری و سەروەریی یاسادا، مافی گشت پێکهاتەکان پارێزراو بێت”.
رۆژی هەینی 25ـی نیسان ڕەوتی ئەلفوراتەین کۆنگرەی بەست و لە کۆنگرەکەدا بە زۆرینەی دەنگ محەممەد شیاع سوودانی بە ئەمینداری گشتی حزبەکە هەڵبژاردەوە.