
ترەمپ لەدرێژترین وتاردا کە تا ئێستا سەرۆکێکی ئەمەریکا لەبەردەم کۆنگرێسدا پێشکەشیکردووە ڕایگەیاند، لەماوەی 43 ڕۆژدا زیاتر لە هەشت ساڵی ڕابردوو دەستکەوتى بەدەستهێناوە، جەختیشیکردەوە کە خەونی ئەمەریکا “ناتوانرێت ڕابگیرێت”، هەروەها ئەمەریکا متمانەی بەخۆی بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمەش دوای مانگ و نیوێک لە دەستپێکردنی خولی دووەمى سەرۆکایەتییەکەى کە تێیدا واژۆى لەسەر نزیکەى 100 فەرمانى جێبەجێکردن و زیاتر لە 400 رێوشوێن بۆ پتەوکردنى ئاسایش وسەقامگیریی کردووە.
درێژترین وتار
وتارەکەى ترەمپ زیاتر لە کاتژمێرێک و 40 خولەکى خایاند، بەوەش ریکۆردى درێژترین وتارى لەبەردەم کۆنگرێس شکاند کە پێشتر لەلایەن بیل کلنتۆنەوە لەساڵى 2000 تۆمارکرابوو کە وتارەکەى یەک کاتژمێر و 28 خولەکى خایاندبوو.
هەر کە ترەمپ دەستیکرد بە پێشکەشکردنی وتارەکەی، ژمارەیەک نوێنەرى دیموکراتەکان دەستیان بە قسەکردن و هاوارکردن کرد بۆ ئەوەى ترەمپ بوەستێنن، ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی نوێنەری ویلایەتی تەکساس، ئەل گرین، کە هەستایە سەرپێ و گۆچانەکەى دەستى بەرزکردەوە.
ترەمپ مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بە “سەرکەوتووترین” ماوە دانا لە مێژووی ئەمەریکادا، دواى ماوەى سەرۆکایەتى سەرۆکایەتی جۆرج واشنتۆن، لە کاتێکدا ماوەى سەرۆکایەتی جۆ بایدنى وەک “خراپترین” ماوە ناوبرد.
سەبارەت بە دیارترین بڕیارەکانی، ترەمپ دەستی خستە سەر پرسی کۆچبەری، و وتی، “ئێمە کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی گەورەترین دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە مێژووی ئەمەریکادا”، داواشی لە هەمووان کرد پێکەوە ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو سەرکەوتنانەی ئەمریکا بەدەستیهێناوە.
هەروەها باسی لە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی “دژە ئەمریکی” بە وتەی ترەمپ و ئەو سنوورانەی کرد کە ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دایناوە، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی ئازادکردنی ئابووری ئەمەریکا بکات.