
هەینی، 28-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەری “خۆر ئەلزوبەیر” لە پارێزگای بەسرە، ڕایگەیاند “لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنین.”
بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق “لە هەنگاوی یەکەمدا، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی فیدراڵی (سۆمۆ) ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە.”
هەر ئەمڕۆ هەینی، 28-02-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەوڵەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد.
ڕۆژی سێشەممە، 25-02-2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی سووریا و ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکەیان، تاوتوێ کرد.