
جێگری سەرۆكی پارتی، پەیامێك بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان دەنێرێ و ڕایدەگەیەنێ مێژوویەکی درەوشاوەیان لە خەباتی ڕێکخراوەییان و خزمەتکردنی قوتاییان و لاوان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانیان هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18/2/2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: لە یادی هەژدەی شوبات، حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەکتەبی سکرتارییەت و ئەندامانی هەردوو یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ڕاشیدەگەیەنێ: یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، مێژوویەکی درەوشاوەیان لە خەباتی ڕێکخراوەییان و خزمەتکردنی قوتاییان و لاوان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان هەبووە. هەروەها ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریشیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکان گێراوە.
جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەش كردووە: یەکێتیی قوتابیانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، فێرگەیەکی دەوڵەمەند و سوودبەخشی پێگەیاندنی دەیان سەرکردەی بە توانا و لێهاتووی کوردستانیش بوون و بە شانازییەوە، منیش ئەندام و کادیری قوتابیان و لاوان بووم.
مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا، سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەش: ئێستاش کە ئەم دوو ڕێکخراوە تێکۆشەرە، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە و ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ یەکگرتنەوە، ئومێدەوارم لە کار و تێکۆشانی خۆیان لە پێناو پێشخستنی خەباتی ڕێکخراوەییان بە شێوازێکی پێشکەوتووتر کە لە ئاست پێشکەوتنەکانی ئەم سەردەمەدا بێت بەردەوام بن و هەمیشە لە بەرەوپێشچوون و پێشەنگبوون و نوێبوونەوە و داهێناندا بن و بە باشترین و پێشکەوتووترین شێوە، خزمەتی نەوەی نوێ و قوتابیان و لاوانی کوردستان بکەن و لەم ڕووەوە، هەموو پشتیوانییەکی خۆمیان بۆ دووپات دەکەمەوە. یادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەر سەرکەوتووبن.