نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سەرۆک بارزانی: دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن

سەرۆک بارزانی: دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەیداوە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن، لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە، کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.

هەروەها رایگەیاندووە، لێرەدا رووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە رێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیمان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە راستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران رێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر راستییەکان ببین و بزانن، کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

هەموو لایەک ئاگاداران، هەر لە ساڵی 2020ـەوە  هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.

ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.

ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.

لێرەدا رووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە رێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیمان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر راستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.

ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.

پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن.

گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە.

مەسعود بارزانی

16ی کانوونی دووەمی 2024

بەپەلە

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سنووری قەزای پشدەر دا

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشێکی داهاتی مەزری کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *