
سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرای تایبەت بە پەیوەندییەکانی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەروەها لە ئاستی ناوخۆییشدا پەیڕەو دەکات.”
ئاماژەی بە ئەوەش دا كە ئێستا زیاتر لە 33 وڵاتی سەرانسەری جیهان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی فەرمییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەمە جگە لەو نووسینگانەی تایبەتن بە پێدانی ڤیزە و پەیوەندیەکان.
گوتیشی: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسە و گفتوگۆ لە سەر کردنەوەی چەند نووسینگەیەکی خۆی دەکات لە وڵاتان کە ئێستا 14 نوێنەرایەتیمان هەیە و حەفت وڵاتی عەرەبیش لە هەرێمی كوردستان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان هەیە کە ئەمەش جێبەجێکردنی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتەیە بە تایبەتی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان.”
سەفین دزەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دا لە ساڵی داهاتوودا کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییە دۆستەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و لەوێدا تاوتوێی دوایین هەنگاوەکانی کاری بە یەکەوەیی و پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بە گشتی دەکرێت.