
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبووەوە.
سەبارەت بەو دیدارە، لە راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا ئاڵوگۆڕ کرا.
ئاماژە بەوەشدرا، لەو دیدارەدا باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتيی گشت کێشەکان بە تایبەتی بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا کرایەوە، بە شێوەیەک کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، مانگانە بەبێ هیچ کێشەیەک و بە شێوەیەکی ئاسایی مووچەکانیان وەربگرن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کرا.