
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م چه‌ند ڕێنماییه‌كی نوێی سه‌باره‌ت به شوفێرانی پاس و ته‌كسی گواستنه‌وه‌ی قوتابییان له قوتابخانه‌كان بڵاو كرده‌وه.
ڕێنماییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خۆی له 8 خاڵ خۆی ده‌بینێته‌وه و ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه.
له یه‌كێك له خاڵه‌كاندا كراوه‌ته مه‌رج له‌سه‌ر شوفێران كه ده‌بێت ساڵنامه‌ی ئۆتۆمبێل و مۆڵه‌تی شوفێری و كارتی زانیاری یان نیشتمانی پێشكه‌ش بكه‌ن، كارگێڕیی ناوه‌نده‌كانیی خوێندنیش ده‌بێت ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه بده‌نه بنكه‌ی پۆلیسی سنووره‌كه‌یان.
له خاڵێكی تردا هاتووه كه پێویسته شوفێران له كاتی گواستنه‌وه‌ی قوتابییاندا پابه‌ندی سه‌رجه‌م ڕێنوێنی و هۆشیاری و ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ بن، هه‌ر شوفێرێكیش ره‌فتاری دوور له ڕه‌وشتی به‌رز و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌ر قوتابییه‌ك ئه‌نجام بدات، جیا له به‌خێوكه‌ران، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش سكاڵاكار ده‌بێت.
هه‌روه‌ها هاتووه كه شوفێران نابێت بارگرانی له‌سه‌ر خانه‌واده‌ی قوتابییان دروست بكه‌ن، ناشبێت پاره بدرێت به كارگێڕی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه لایه‌نی سه‌رپێچیكاری به‌رامبه‌ر ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته به‌ر.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە