
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ـی ساڵی 2020 و رێنمایی جێبەجێکردنی مافی نەخۆش ژمارە 4ـی ساڵی 2022، وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك كە تێیدا مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان پێشێل دەكرێت، بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە دەكات.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، “تیمەكانی پشكنین و بەدواداچوون رادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە و ئەو کەسانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن.”
هەروەها وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەكات لە بوونی هەر دیاردەیەكی ناتەندروست یان سكاڵا، دەتوانن لە رێگەی سندوقەكانی سكاڵا و هێڵە گەرمەكانەوە ئاگادارمان بكەنەوە و دڵنیایش دەداتە هاووڵاتییان کەوا بەردەوام دەبێت لە پشكنین و بەدواداچوونی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بۆ رێگەگرتن لە سەرپێچی و کەمتەرخەمی و پێشێلکردنی مافی نەخۆش.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا کە وادەردەکەوێت لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، دوو پەرستاری کچ وێنەی منداڵێکی کۆرپە دەگرن کە تازە لەدایکبووە و یەکێک لە پەرستارەکان، بەشێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ منداڵەکە دەکات و ئازاری دەدات و بە دەستێک منداڵەکە لە بە گەرتنی هەردوو پێی بەرزدەکاتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە، کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لەو حاڵەتە بکات و جەخت لە پاراستنی مافی نەخۆش و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە بکاتەوە.