
دوای دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی حکوومەتەکەی کازمی، نووسراوی دەستگیركردنی وەزیری پێشووی دارایی عێراقیش لە میدیاكاندا بڵاو دەبێتەوە.
بەپێی نووسراوەكە، كە كۆپیەكی دەست چرکە کەوتووە،ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ وەزیری پێشووی دارایی عێراق و چەند كەسێكی نزیک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەرکردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) کردووە، هەریەک لە تۆمەتباران (عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی – وەزیری دارایی پێشووی عێراق، رائید جووحی جهمادی – سهرۆكی پێشووی دهزگای ههواڵگریی نیشتمانی، مهشرهق عهباس جهنابی – راوێژكاری مستهفا كازمی، ئەحمەد محەممەد نەجاتی – سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دهستگیر بكهن.)
بەپێی زانیارییەكان ئەو بەرپرسانەی عێراق بە تێوەگلان لە (دۆسیەی دزیی سەدە) تۆمەتبار کراون..
لە دوایین مانگەکانی کابینەی حکوومەتەکەی مستەفا کازمیدا نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دیار نەماوە کە دواتر بە (دزیی سەدە) لە میدیاكان ناسێنرا.
پێشتر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون، ئاشكرای كرد: “بە تۆمەتی دزینی سامانی گشتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتەکەی کازمی دەرچووە، كە دیارترینیان وەزیری پێشووی نەوتە.”
ئاماژەی بەوەش كرد: “ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی حکوومەتەکەی کازمی لە شارەکانی بەغدا و بەسرە زەوی و موڵکی تایبەتی هەیە کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، هەروەها نزیکەی (14) ڤێلای لە بەسرە و بەغدا کڕیوە، ئەوە جگە لە کڕینی ڤێللا لە وڵاتەکانی ئیمارات، تورکیا، دوورگەكانی كاریبی، لوبنان و لەندەن.”