
پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی رەیان کلدانی، فەرماندەی میلیشیای (بابلیون)ی سەر بە حەشدی شەعبی دەداتەوە و پێی دەڵێ مافی گەلێك بە تۆ و هاوشێوەكانت ناسڕێتەوە.
پاش قسەکانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەیان کلدانی تویتێکی کردووە و نکۆڵی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە.
لە بەرامبەردا پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا بە رەیان كلدانی دەڵێ: “نموونەی ئەم جۆرە عەقڵیەتە شۆڤێنییە سەر بەم جیهانە نین، مافی گەلێک بە تۆ و هاوشێوەکانت ناسڕێتەوە.”
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێ : “تۆ رووخسارێکی نامۆی لە نێو هاووڵاتیانی عێراق و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە مافەکانی گەلان و یەکسانی و ئازادی هەیە و گوێ لە تۆ و هاوشێوەکانت ناگرن کاتێک قسە دەکەن.”