
ئەمڕۆ سێشەممە 8/8/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: “ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز ستیڤن هیچنس، باڵوێزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد.”
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: “پیرۆزبایی دەستبەکاربوونمان لە باڵوێز کرد و هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست لە ئەرکەکەی، هەموو پشتگیریی و هاریکارییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.”
مەسرور بارزانی باسی لەوەش كردووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا، باڵوێزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو مافە ڕەواکانی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نيشان دا.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە: “چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەمان بوون کە بەڕێز ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.”


