نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: کارگەی چیمەنتۆی دابین رۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بونیاتنانەوەی کوردستان

مەسرور بارزانی: کارگەی چیمەنتۆی دابین رۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بونیاتنانەوەی کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی بەردی بناخەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین – لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دانا.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە کە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم راده‌سپێرێت، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت.

دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز:

سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان دەکەم و زۆر زۆر بەخێر بێن . بەخێرهاتنێکی تایبەتی د.چن کوانفۆ و شاندی یاوەری دەکەم بۆ کوردستان. زۆر زۆر بەخێر بێن.

بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە لە هەرێمی کوردستان کە کارگەی چیمەنتۆی دابین-ە و بڕیارە ببێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بنیاتنانەوەی کوردستان.

دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی دابین و پاوەر چاینا دەکەم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و دروستکردنی کارگەکە. هیوادارم پڕۆژەکە وەک بەڵێندراوە بە کوالیتیەکی بەرز و لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشیدا، هەلومەرجەکانی سەلامەتی کرێکارەکان و هەروەها ژینگەپارێزی لە بەرچاو بگرن.

بێگومان چ لە قۆناخەکانی دروستکردنی کارگەکە و چ لە کاتی دەستبەکاربوونیشیدا، سەدان هەلی کار دەڕەخسێنرێت کە پێویستە 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەکیش، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و ڕاهێنانیش بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لەم کارەدا.

هیوادارین لە دروستکردنی ئەو کارگەیەدا، هەتا دەکرێ بابەتی ژینگەپارێزی و گەرمبوونی زەوی و سنووردارکردنی دەرچوونی گازە پیسەکان لە بەرچاو بگرن.

حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری هەموجۆرکردنی ئابووریدا، بایەخێکی زۆر بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات. دەڤەرەکەمان کەرەستەی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر کارگە و بووژانەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکردنیشی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش. جێی خۆشحاڵیشە کە بیستم ئەم کارگەیەش، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە کەرەستە و ماددەی خاوی ناوخۆ بەستووە.

بەڕێزان:

ئەگەر سەیرێکی مارکێت و مۆڵەکانی کوردستان بکەین، دەبینین زۆرینەی هەرە زۆری بەرهەم و کاڵاکانیان تا ئێستا هاوردەکراون. لە کاتێکدا دەتوانین بەشێکی زۆری ئەو بەرهەم و پێداویستییانە لە کوردستان دروست بکەین، بەمەش هەم کەرتی پیشەسازیمان دەبووژێتەوە و هەم بێکاریش کەمتر دەبێت و پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەوەش زۆر سنوودار دەبێت. لەم ڕووەوە، هەر هاریکاری و یارمەتییەک لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بێت ، ئامادەین بیکەین بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازیمان گەشەسەندنێکی باش بەخۆیەوە ببینێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت.

من جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم پڕۆژەی هاوشێوە، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەنجام بدرێن.

بەپەلە

پەروەردەی هەولێر 13 ڕێنمایی نوێی بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی و بەردەوامیی پڕۆسەی خوێندن بڵاوکردەوە

گرنگترین خاڵەکانی ناو ڕێنماییەکان: 1- قوتابخانە حکوومییەکان پێویستە سوود لە هەردوو پۆرتال و پلاتفۆرمی (ئی-وانە) …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *