
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی کە نزیکە لە لاهوور جەنگی راگەیاندووە، لاهوور جەنگی حاڵەتێکی تایبەتی هەیە، لەو روانگەیەوە كە بە چ ناونیشانێک بەشداریی هەڵبژاردن بکات؟ ئەگەر لیستی بە ناوی (یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان) هەبێت، رەنگە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق كێشەی بۆ دروست بكرێت.
دەڵێ، چارەسەر و رێگە کە لە پێش لاهوور جەنگی ئەوەیە کە بە لیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی کوردستان بکات، رەنگە بەم ناونیشانە بێت (یەکێتی نیشتمانی کوردستان – عێراق) خۆ ئەگەر هەر رێگەش نەدرا، ئەوە ناوێكی تر بۆ لیستەكە دیاری دەكرێت.
گوتیشی: ”بەدڵنیاییەوە لاهوور جەنگی حزب و لیستی نوێی دەبێت، بەڵام سیستم و ناوی حزب و لیستەکەی هێشتا بە تەواوی دیاری نەکردووە.
ئاشكراشی كرد: ”ئەم حزب و لیستە نوێیە دەبێتە رکابەری یەکێتیی ئێستا و ئەو پێگە جەماوەرییەی هەیەتی بەشی زۆری هی ئێمەیە، واتە هەرچی ناڕازی هەیە، چ ئەوانەی خۆیان ئاشکرا کردووە، چ ئەوانەی نەیانتوانیوە و لەنێو حزبەکەدان هەموویان کۆ دەکاتەوە.