
کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راگەیاند، بە پشتیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەتایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریان کردووە بۆ پاراستنی مافی کرێکاران.
باسی لەوەشکرد، یەکێک لە کارەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت و کرێکاران، خاڵێكی دیکەش بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە.
گوتیشی: ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت ئەو پرۆسەیەی بەسەرکردەوە، کە چۆن پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیفی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئێستا پرۆسەکە لە قۆناغی یەکەم دایە، کە خۆی لە تۆمارکردنی دۆسیەی هەموو کۆمپانیا و کرێکاران دەبینێتەوە،لە هەرێمی کوردستان 42 هەزار دۆسیەمان هەیە، کە دابەشبوون بەسەر هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گەرمیان.
کوێستان محەممەد راشیگەیاند، لە قۆناغی یەکەم لە هەولێر نزیکەی شەش هەزار دۆسیە تۆمار کراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سلێمانی، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گەرمیان دەستپێدەکات.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە