
شوان کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: “قوباد تاڵەبانی داهێنەری بیرۆکەی پاشەکەوت و داهێنەری بڕگەی دانانی ١٠%ی پاشەکەوتی بێ تەرخانكردنی پارەیە لە بودجە، دەیەوێ عەیبێك بە عەیبێکی دیکە داپۆشێت و دوو روو پیشان بدات، روویەک لە هەرێم و روویەکی دیکەش لە بەغدا.
ئەندامەکەی پەرلەمان دەشڵێ: خالید شوانییش، کە ئەندامێکی تیمی یەکێتییە و هانی لایەنەکان دەدات فشار بۆ سەر کوردستان دروست بکەن، پێمان سەیر نییە، چونکە ئەوانە بەرنامە جێبەجێ دەکەن، تا هەرێمی کوردستان وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەمێکە هەوڵ دەدەن و دەیانەوێ سلێمانی بفرۆشن، بەڵام رێگەیان پێنادرێت، هیچیان بەدەستەوە نەماوە و چوونەتە بەرەی نەیارانی کوردستان.
هاوکات ئەوەشی خستە روو، سلێمانی بەتەنیا یەکێتیی تێدا نییە و ئەو خاوەنی شارەکە نییە، بەڵام خۆی لێ کردووە بە خاوەن، خۆزگە بیتوانیایە خاوەمدارییەكی باشیش بكات، پێیان وایە ئەو هەوڵانەی ئێستا بۆ شێواندنی مادە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەیدەن، سبەی دەتوانن خەڵکی پێ بخەڵەتێنن، هەرچەندە ویستی چوونە ژێر باری هەڵبژاردنیان نیە.