نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران؛ چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کراوە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران؛ چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کراوە

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت کرایەوە کە هەر هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ڕەت دەکاتەوە کە دژی بڕگەکانی ڕێكکەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 05ـی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 02ـی 05ـی 2023 هەندێک لە ماددەکانی هەموار کرایەوە و لەناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق درا کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14ـیان دا و پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 04ـی 04ـی 2023 و پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق جێگیر کراون.

سەرۆک وەزیران کورتەیەکی لەبارەی دانووستان و گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو، کە دەرئەنجام ڕێکكەوتننامەی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵی لێکەوتەوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە لە پەسەندکردنی بودجە بکرێت و ڕێز لە مافە و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێكکەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە لەبەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات .

لە کۆتایی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە شاندی دانووستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ ڕێگریکردن لەهەر هەوڵێک بە ئاراستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستوور جێگیری کردوون و لەناو ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەت و پڕۆژەیاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە.

سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی پەسەند کرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجییە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشوو کە لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت لە 01ـی 01ـی 2023ـەوە و نابێت جیاکاریی بکرێت لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەمڕووەوە، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵیی.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجوومەنی وەزيران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دران.

سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران دووپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان کردەوە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بەناوەندییکردنی داهات و خەرجییەکان و بەناوەندییکردنی مووچە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجییەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجیەکان (جگە لە مووچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.

ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. ئامانج لەم پڕۆژەیاسایە بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییەکانیانە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە دەرفەت بدرێت بە ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارەتن دوا خستنەڕووی بۆ بکەن، تاوەکو ئامادە بکرێت بۆ دەنگدانی کۆتایی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران.

بەپەلە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیاندرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *