نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: هیوادارم پرۆژەی كارەبا بە وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوە و ژینگەدۆست زیاتر گەشە بكەن

مەسرور بارزانی: هیوادارم پرۆژەی كارەبا بە وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوە و ژینگەدۆست زیاتر گەشە بكەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/5/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ”وێستگەی 25 مێگاواتیی وزەی خۆر” لە پارێزگای هەولێر دەستی پێ کرد و تێیدا سەرۆکی حکوومەت وتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمە دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا

سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، زۆر زۆر بەخێر بێن.

بۆ من مایەی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ بەردی بناغەی یەكەم پرۆژەی وێستگەی كارەبا بە وزەی خۆر لە هەولێر دادەنێین كە توانای بەرهەمهێنانی ٢٥ مێگاوات كارەبای هەیە لە یەك كاتژمێردا. دەستخۆشی لە وەزارەتی كارەبا و كۆمپانیاكانی جێبەجێكاری ئەم پرۆژە گرنگە دەكەم. هیوادارم ئەمە ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی هاوشێوە لە شارەكانی كوردستان.

پێویستە زۆر گرنگی بە بەكارهێنانی وزەی خاوێن و ژینگەدۆست و جێگرەوە بدەین، ئێمە پشتیوانییەكی زۆری وەزارەتی كارەبامان كردووە بۆ ئەوەی چاكسازی لەم كەرتەدا بكەن، تاوەكوو بتوانن بە شێوەیەكی باشتر و شایستەتر خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكەن. لەم ڕووەوە جێگەی دەستخۆشییە كە وەزارەتی كارەبا دەستی بە پرۆسەی چاكسازی كردووە لەپێناو باشتركردنی.

كەرتی كارەبا پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بكات. لەم ڕووەوە پێویستە وەزارەتی كارەبا بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، هەموو هەوڵێكی خۆیان بخەنە گەڕ، پلان و ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت كارەبای بەردەوام بە هاووڵاتیان بدرێت. كە بۆ نموونە پێویستە یەكێك لە هەنگاوەكانیان بەكارهێنانی وزەی خۆر و سەرچاوەكانی دیكەی وزەی نوێبووەوە، یاخود ئەوەی پێی دەڵێن (ڕینوەوەبڵ ئینێرجی) و ژینگەدۆست بێت.

ئێمە دەرفەتی زۆرمان هەیە كە كەرتی كارەبا زۆر لە ئێستا باشتر بكەین، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە هاووڵاتیان بكات. بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە هاووڵاتیانیش هاوكاریی خۆیان و حكوومەت بكەن، ئەویش لە ڕێگەی ڕێگرتن لە بەهەدەردانی كارەبا و كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و پێدانی ڕسووماتی كارەبا بە شێوەیەكی ڕێك و بەردەوام، بۆ ئەوەی حكوومەتیش بتوانێت بەشێكی خەرجییە زۆرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكات و كارەبا بەباشی بە هاووڵاتیان بدات. چونكە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەبێ ئەوە بزانن كە ئەو كارەبایەی لەلایەن كەرتی گشتی و لە لایەن حكوومەتەوە بە نرخێكی زۆر هەرزان پێیان دەدرێت، زۆر كەمترە لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا. حكوومەت ساڵانە ملیۆنان دۆلار لەم بوارەدا خەرج دەكات كە دەكرێ ئەم بودجەیە زۆر كەم بكرێتەوە، ئەگەر هاووڵاتیان هاوكاریی حكوومەت بكەن.

هاووڵاتیانی بەڕێز دەزانن كە لەو ماوەی ڕابردوو، ڕاستە ئێمە بەرهەمهێنانی كارەبامان زیاد كردووە، بەڵام تاكوو ئێستا وەكوو پێویست نەمانتوانیوە ٢٤ كاتژمێر كارەبا دابین بكەین. ئەمەش هۆكاری زۆرە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە پێویستی و بەكارهێنانی كارەبا لەم ماوەیەدا زۆر زیادی كردووە. ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە، هەرچەندە ئێمە چەندین وێستگەی كارەبامان زیاد كردووە و بەرهەمهێنانی كارەبامان زیاد كردووە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو پێداویستییەی كە كوردستان هەیەتی، زیاد بكات. هەروەك گوتم هەم ژمارەی هاووڵاتیان زیادی كردووە، هەم كارگە و كارخانەكان لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە، پێویستیی هاووڵاتیانیش، یاخود بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكان بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، زیادیان كردووە.

بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لێرەدا هاوكاریی یەكتر بكەین، دەڵێم هاوكاریی یەكتر بكەین مەبەستم ئەوەیە هەم حكوومەت بتوانێت باشتر خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان بگەیەنێت، هەم هاووڵاتی بتوانن ئەركەكەی خۆیان جێبەجێ بكەن. هەردوولامان ئەركمان لەسەرە، حكوومەتی هەرێم ئەركی ئەوەیە خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیان بگەیەنێت، هاووڵاتیانیش ئەركیان ئەوەیە كە بتوانن ئەو ڕسووماتەی دەكەوێتە سەریان، ئەو بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە سەریان، ئەو ئەركە هاوبەشەی دەكەوێتە سەریان، ئەوانیش جێبەجێی بكەن.

هاووڵاتیان، خۆیان لەوانەیە ئەوانەی كە ٢٤ سەعات كارەبایان دەوێت، یان پێویستییان پێیەتی و حكوومەت ناتوانێت بۆیان دابین بكات، پەنا دەبەنە بەر مۆلیدە، ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە دەبێ بە مۆلیدەكان بدەن، حكوومەت بەرنامەی هەیە بەوەی كە بتوانێت بە ئەركێكی كەمتر، بە نرخێكی كەمتر ئەو كارەبایە بۆ هاووڵاتیان دابین بكات كە ٢٤ سەعاتیش بێت. بەو شێوەیە كە ئەگەر هاووڵاتیان ئەو ڕسووماتەی حكوومەت داوای دەكات، بیدەن و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیانە جێبەجێی بكەن، حكوومەت دەتوانێت بەو شێوەیە ئەو كارەبایەیان بۆ دابین بكات، بە مەرجێك هاووڵاتیانیش ڕسووماتی خۆیان بدەن بە حكوومەت. ئەو پارەی دەیدەن بە مۆلیدەكان، كەمتر لەوەش ئەگەر بدەن بە حكوومەت، دەتوانن خۆیان لە چەند سەرئێشەیەك بەدوور بگرن، یەكێك لەوانە بۆ نموونە دەنگی مۆلیدە لە گەڕەكەكان لەوانەیە زۆر ناخۆش بێت، یاخود بۆنی گازوایل، یان لەوانەیە چەندین كێشەی تر، نرخی كارەبا، ئەمانە هەمووی حكوومەت دەتوانێت ڕێك بكەوێت، لەگەڵ كەرتی تایبەت ڕێك بكەوێت و لەگەڵ هاووڵاتی ڕێك بكەوێت. بەو بەرنامانەی كە دامانڕشتووە، حكوومەتی هەرێم بتوانێت كارەبای ٢٤ سەعاتی بە هاووڵاتیان بدات، بە مەرجێك هاووڵاتیانیش خۆیان بە بەرپرس بزانن و ئەوانیش وەڵامدانەوەیان هەبێت بەرامبەر بەو ئەرك و خزمەتگوزارییانەی حكوومەت.

بۆیە من لێرە داوا لە هەموو هاووڵاتیان دەكەم، ئەم حكوومەتە بە هی خۆیان بزانن و خۆیان بە بەشدار بزانن لە بەڕێوەبردنی حكوومەت و بەشدار بن لە حوكمڕانی، حكوومەت شتێكی نامۆ نییە و شتێكی جیاواز نییە لە ئێوە، بەشێكە لە ئێوە، تەنیا ئەركی حكوومەت ئەوەیە خزمەتگوزاری بە ئێوە بگەیەنێت، ئێوەش ئەركتانە هەم وڵاتی خۆتان بپارێزن و ژینگەی خۆتان بپارێزن، ئەوەی لەسەر هەردوولامانە، بتوانین هاوكاریی یەكتر بكەین.

من درێژی ناكەمەوە، جارێكی تریش دەستخۆشی لە وەزارەتی كارەبا و كۆمپانیاكانی جێبەجێكاری ئەم پرۆژە گرنگە دەكەم، هیوادارم پرۆژەی كارەبا بە وزەی خۆر و وزەی نوێبووەوە و پاك و ژینگەدۆست زیاتر گەشە بكەن لە كوردستان. جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

بەپەلە

سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان كۆبووه‌وه‌

رۆژی دووشه‌ممه‌ 20ی تشرینی یەکەمی 2025 له‌ شاری هه‌ولێر، سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *