
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە توندی وەڵامی لێدوانێكی قوباد تاڵەبانی دایەوە كە گوتبووی هەرێمی كوردستان ژێرخانێکی دەوڵەمەندی غازی هەیە، بەڵام هێشتا کارەبای 24 کاتژمێری نییە.
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری (تۆراو)ی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا بانگەشەی ئەوەی كردووە، كەی توانرا پێویستیی ناوخۆ لە غازی سرووشتی پڕ بكرێتەوە، ئەوكات بیر لە هەناردەكردنی غاز دەكرێتەوە. لە كاتێكدا بە ئاگاداریی هێزەكانی حزبەكەی، غاز بۆ چەندان وڵاتی ناوەڕاستی كیشوەی ئاسیا هەناردە دەكرێت.
لەمبارەیەوە کەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وەڵامی لێدوانەكەی قوباد تاڵەبانیدا لە (فەیسبووك) نووسیویەتی: “ئێستا غاز بەشی چێشت لێنان و چا کۆڵاندنیش ناکات، نەک کارەبای 24 کاتژمێری، ئەگەر غاز لە حکوومەتی عێراقەوە نەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، کەچی لە دەروازەی باشماخەوە غاز ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت بۆ وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان و ئەرمەنستان.
هەروەها، هیوای خواستووە كە قوباد تاڵەبانی و حزبەكەی، ئەو ڕێگەیەی ناردنە دەرەوەی غاز لە باشماخەوە دابخەن، چونکە هەشت جۆر هێزی لێیە کە لەژێر سەرپەرشتی یەكێتیدان.