
سەرکردەیەکی پێشووی گۆڕان ڕەخنەی توندی لە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت و رای گەیاند کە ئەو کەسە ”لە هەناوی گەندەڵی هاتووەتە دەرەوە“ و ”٢٩ ساڵە پارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخوات“.
پاش ئەوەی شاناز برایم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە لێدوانێک لە بارەی خۆپیشاندانەکان، هەوڵیدا حزبەکەی لە بەرپرسیارێتی و ئەو دۆخەی لە ماوەی ٢٩ ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان هەیە، بدزێتەوە، لە ئاستی جۆراوجۆردا وەڵامی درایەوە.
لەم چوار چێوەیەدا دکتۆر سابیر ئیسماعیل، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ،ڕاگەیاند: ”پاکانە بۆ ھیچ کابینەیەکی حکوومەت ناکەم، بەڵام دۆخی ئابووریی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تاوانی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکوو تاوانەکەی بۆ ھەشت کابینەکەی پێشووتر دەگەڕێتەوە کە ٢٩ ساڵە حزبەکەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد پشکی شێری لە کابینەکان ھەبووە“.
ڕوونیشی کردەوە کە قسەکانی شاناز براھیم ئەحمەد، ئەوپەڕی لۆکاڵییە و بێ ویژدانییەکی گەورەیە، چونکە ”ئەو بەرپرسەی یەکێتی بەرگری لەو گەندەڵکارانە دەکات کە ٢٩ ساڵە داھاتی ئەم وڵاتە بەھەدەر دەدەن و ئێستاش دەیەوێت پاکانە بۆ گەندەڵکارەکان بکات و ئۆباڵی گەندەڵییەکانی پێشوو ئاڕاستەی ئەم کابینەیە بکات کە ھەوڵی چاکسازیی ڕیشەیی دەدات”.
سەرکردەکەی پێشووی گۆڕان جەخت دەکاتەوە، ئەگەر تائێستا کابینەی نۆیەمی حکوومەت چاکسازیی تەواوەتیشی نەکردبێت، لانی کەم هاوکاربووە لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەم پرۆسەیە و کاری لەسەر دەکات، هەروەها لە ھەندێک سێکتەردا توانیویەتی گەندەڵی ڕابگرێت، بەڵام ”ھەموومان دەزانین شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کەسێکی گەندەڵە و تا بینەقاقای لە گەندەڵی نقووم بووە، ئیتر چۆن ڕووی دێ باسی گەندەڵی بکات و پاکانە بۆ گەندەڵکارانی ٢٩ ساڵی ڕابردوو بێنێتەوە؟”.
ئیسماعیل سابیر ئاشکرای کرد کە ئەو ژنە ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ساڵانێکی زۆرە بە پلەیەکی سەربازیی باڵا خانەنشین کراوە، ”بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان خزمەتی سەربازی کردبێت، ئەوەش گەندەڵییەکی گەورەیە، دەبێت بزانێت کە خانەنشینبوون بەو پلە سەربازییە باڵایە خیانەتێکی گەورەیە و ساڵانێکی درێژە پارەیەکی زۆری گەندەڵی دەخوات“.