
د.مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی پێی دەڵێت یەكێتیی نوێ! سیاسەتێکی زۆر چەواشەکارانە بەکار دەهێنێت، ڕێک چووەتەوە سەر ئەو دروشمەی کە پێشتر هەیانبووە (درۆ بکە درۆ بکە تاوەکوو خەڵك بڕوات پێدەكەن و خۆشت بڕوا بە درۆکەت دەکەی).
ئەو چاودێرە گوتیشی: ”سیاسەتی دووفاقیی یەکێتی، کە بانێکە و دوو هەوا، ئەوە نەک هەر قوباد تاڵەبانی، بەڵکوو هەموو تیمە تایبەتەكەشی دەگرێتەوە، ئەوان پێشتر لە میدیاکانەوە بەردەوام باسیان لە کار و هەنگاوە باشەکانی کابینەی نۆیەم و ئیش و کاری وەزارەتەکانیان دەکرد، بەڵام لەناکاو، لەدوای تیرۆرکردنی هاوکار جافەوە، ئەوانە هەڵوێستیان وەرگرت و دەڵێن ئەو حکوومەتە پۆلیسییە، باشە حکوومەت دەکرێ بە ماوەی ٢٤ سەعات لە حکوومەتێکی میانڕەوەوە ببێتە پۆلیسی؟ .
د.مەدحەت سلێمان، روونیشی كردەوە: ”هەموو ئەو بەڵگانە هەن و هەموو کونسوڵخانەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی لەبەرامبەر بە هاوکار جاف کراوە، کردەوەیەکی تیرۆرستی بووە، لەبەرئەوە قوباد تاڵەبانی و چواردەورەكەشی باش دەزانن، کە ئەو هەڵوێستەی ئێستایان تەنیا لەبەرئەوەیە، کە نایانەوێ تیرۆرستەکانی بەردەستیان رادەستی دادگا بکرێن.
گوتیشی: ”گرفتی ئەو حزبە ئەوەیە دەیانەوێ بە هەر نرخێک بێت ئەو دۆسیەیە پەردەپۆش بکرێت و کار بۆ ئەوەش دەکەن کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان لەبیر ئەندام و کادیرانیان بەرنەوە، بەڵام کە ئەوەیان بۆ ناکرێ، دێن هەواڵی چەواشە و ناڕاست بڵاو دەکەنەوە.“