
تا دێت دۆخی ناو یەكێتی نائارامتر دەبێت و قۆرخكاری دەسەڵاتەكان زیاتر دەچەسپێت، بافڵ تاڵەبانی لە دژایەتیكردن و سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی بەردەوامە، كاتێك بە بڕیارێك گواستنەوەی راژەی كارمەند و رۆژنامەنووسانی سەر بە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بۆ ئۆرگانەكانی تری یەكێتی رادەگرێت.
(م. ش)، كارمەندێكی نانبڕاوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێرە، لەوبارەوە ڕایگەیاند:، ماوەی حەوت مانگە لەلایەن بەشی مووچەی سەر بە مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتی و لەسەر بڕیاری بافڵ، مووچەی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر راگیراوە و سەتان كارمەند نانبڕاو كراوین.
زیاتر گوتی، ئێستە هەر كارمەندێك كە سەر بەچاودێر بێت و بیەوێ لە مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانە حزبییەكانی تری یەكێتی كاری گواستنەوەی راژەی بۆ بكرێت، بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە، چونكە ئیدارەی گشتی لەسەر بڕیاری بافڵ بەشی ژمێریاریی مەڵبەند و ئۆرگانەكانی ئاگەدار كردووەتەوە كە ئەوانەی سەر بە تۆڕەكەی مەلا بەختیارن ناتوانن مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێتەوە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە