
کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی دروستکردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، بڕیاردرا دەست بە دروستکردنى پڕۆژەکە بکرێت.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، دواى پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو و دابینکردنى ئەرز و وردەکاری هونەریی و دیزاین و چۆنیەتى دروستکردن و دەستپێکردنى پرۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى و بهرێوهبهرایەتی نهخشهدانان و ئاوهدانی ههولێر، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى جهختی لە جێبەجێکردنی فەرمان و ڕاسپاردەى سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان كردهوه لەبارەى دروستکردنی یەكەکانی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان، بڕیاریدا دەست بە دروستکردنى پڕۆژەکە بکرێت لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە باشترین و چاکترین کوالێتى و شێواز، لە دوو شوێنى زۆر باشى شارى هەولێر، کە دەکەوێتە نێوان شەقامى 120 مەترى و 150 مەترى”.
ئاماژە بەوەش دراوە: “لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، لیژنەیەکى تایبەت پێکهێنرا بۆ دەستکردن بە هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوى ئەو (59 هەزار) هاوڵاتییەى کە فۆڕمى داواکاری وەرگرتنى یەکەکانیان پڕکردۆتەوە و پاشان دەستبکرێت بە تیروپشکى داواکارییەکان بۆ وەرگرتنى (6 هەزار) یەکەى نیشتەجێبوون، کە دەبێت ئەوناوانەى یەکەکانیان بۆ دەردەچێت 100% شایستەبن و هەموو ئەو مەرجانەى کە دانراون لەسەیان جێبەجێبکرێت و پرۆسەکەش بەشەفافی و دادپەروەرى و دوور لەواستە و واستەکارى بەڕێوەبچێت”.