
لە چەند رۆژی رابردوو هێزێکی چەکداری دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر تاپۆی چەمچەماڵ و دۆسیەکانیان بە دۆڵابەوە تاڵان کرد. پاشان راپۆرتە میدیاییەكان ئاشکرایان کرد کە بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئەم کارە کراوە.
لەمبارەیەوە حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەماهەنگی لە وەزارەتی ناوخۆ راگەیاند: “هەر دامەزراوەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر ئاستێکدا بێت، تا دەگاتە وەزارەتەکان، پیرۆزیی خۆیان هەیە و هیچ کەس بۆی نییە دەستدرێژی بکاتە سەریان، ئەگەر تێبینی و داخوازییەک هەبێت، دەکرێت لە رێی فەرمانگەی پەیوەندیداری خۆیانەوە، یان ئەو دەسەڵاتەی هەیانە، یانیش دادگاوە، بیگەیەنن.“
گوتیشی: ”بابەتی هەڵکوتانە سەر تاپۆی چەمچەماڵ و بردنی بەڵگەنامە سەرەتاییەکانی تاپۆی سنووری قەزای چەمچەماڵ و سنووری ناحیەی قادرکەرەم لەلایەن ئەو کەسانە کە خۆیان بە بەشێک لە حکوومەت دەزانن، خۆ دەیانتوانی بە شێوەیەکی فەرمی، ئەگەر پێویستیان بە بەڵگەنامەکان بوو، بە نووسراوی فەرمی داوایان بکردایە، بەدڵنیایی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان دەبوون، بەڵام هەڵکوتانە سەر فەرمانگەیەکی حکوومەت دوورە لە هەموو یاسا و رێسایەکی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، ئەمە تەنیا لە خەڵکێک دەوەشێتەوە، کە باوەڕیان بە حکوومەت و یاسا نییە و بەدەرن لە هەموو یاسایەکی کارکردنی حکوومەتداری.“
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێ: ”فەرمانگەی تاپۆ سەر بە وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمە، ئەگەر داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەوا وەزارەتی ناوخۆ بە هەموو توانایەوە ئامادەی هاوکارییە.“
حوسێن کەلاری، سەبارەت بە بردنی بەڵگەنامەكانی تاپۆ گوتیشی: ”رەنگە کۆمەڵێ دەرچوون لە یاسا روویدابێت، بیانەوێ بەو شێویە فۆکس لەسەر ئەو بابەت و کێشانە لابدەن، لەلایەکی دیکەشەوە، ئێستا زۆر باسی بابەتی ئەو بیرە نەوت و غازانە دەکرێت، کە لە سنووری قادرکەرەمدان، رەنگە بیانەوێ بەو شێویە دەستکاریی بەڵگەنامە و تاپۆکان بکەن، ئەمەش جگە لەوەی بابەتێکی دوور لە یاسایە، لەلایەکی دیکە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەستن بە تاپۆوە لە هەر ئاستێکدا، لە گوندێکەوە تا دەگاتە پارێزگایەک، لە تاپۆی گشتیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و تۆمارەکانی حکوومەتی عێراقیش هەمووی تۆمار کراوە و خاوەنی راستەقینەیان کێ بێ بەناوی ئەوانەوە تۆمار كراوە، بۆیە ئەوەی ئەوان دەستیان بۆ بردووە، خەیاڵێکی خاوە و هیچی دیکە نییە.“
هاوکات لەبارەی هەبوونی دەستی قوباد تاڵەبانی لە بەسەردادانی فەرمانگەی تاپۆی چەمچەماڵ، بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ: ”بەداخەوە من چاوەڕێم نەدەکرد کەسێک لەو ئاستەدا، کە کەسی دووەم بێت لە حکوومەت، دەست بۆ بابەتێکی لەو شێوەیە ببات، لەکاتێکدا دەیتوانی رێوشوێنە پێویستەکان بگرێتەبەر و لە رێی نووسینگەکەیەوە داواکاری پێشکەشی وەزارەتی داد بکات، بێگومان وەزارەتی دادیش هەموو هاوکارییەکی دەکردن، بەڵام ئەوەی کردیان دەرچوونە لە یاسا، هەروەها کارێکی نامۆ و مەترسیدارە لەسەر چەسپاندنی یاسا لەم هەرێمە، نەدەبوو ئەمە رووبدا.“
ئەوەشی خستە روو، کە کەسێکی وەک قوباد تاڵەبانی ”ئەگەر بیەوێ ئەم هەرێمە بخاتە مەترسییەوە و ئەجێندای دەرەکی بۆ کەمڕەنگکردن و لەناوبردنی بەکار بهێنێت، ئەوا پێویستە بزانێ، هیچ لەو کارانەی دەیکات ناتوانێ کاریگەری لەسەر پێگە و توانای هەرێمی کوردستان دابنێت، ئێمە لەم کات و ساتە پێویستمان بە یەکبوونی نێوماڵی کوردە، نەک دروستکردنی کێشە و ئاژاوە.“
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە