نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: دەتوانین بابەتی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی لە کوردستان دابینبکەین

مەسرور بارزانی: دەتوانین بابەتی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی لە کوردستان دابینبکەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵە.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کشتوکاڵ بە سامانێکی نیشتمانی ناودەبات و رایدەگەیەنێت، بەداخەوە وەکو پێویست سوود لە بابەتی کشتوکاڵ وەرنەگیراوە، بۆیە لە سەرەتاوە جەختم لە وەبەرهێنانی کەرتی کشتوکاڵ کردەوە بۆ ئەوەی یارمەتی جووتیاران بدەین و ئەم سامانە ببێتە خێروبەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

هەر لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا سەرۆکی حکومەت داوای لە وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەکان کرد سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بکەن و رایگەیاند، رێگە کراوەیە ئەگەر وەبەر‌هێنەری ناوخۆییمان هەبێت، بێگومان وڵاتی خۆیانە و ئێمە وەکو حکومەت پاڵپشت و هاندەریان دەبین بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بکەن، ئەگەر دەتوانن بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەری بیانیش وەبەر‌هێنان بکەن ئەمەش دیسان رێگە کراوەیە، هەروەها ئەگەر وەبەر‌هێنەری بیانیش بێن وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن دیسان رێگە کراوە، کەواتە بۆ هەموو لایەک رێگە هەیە و حکومەت پاڵپشت و هاوکار دەبێت.

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گرنگیدان بە بەرهەمی جووتیاران و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەڵێت: “زۆر دڵگران بووم کە بینیم جووتیارەکان ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن، ئێمە هەر زوو هەستمان بەوەکرد خوا سەروەتێکی زۆری بە ئێمە داوە کە بەداخەوە وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە. ئەویش بابەتی کشتوکاڵە، بۆیە لە سەرەتاوە زۆر جەختم لەوەکردەوە دەبێت ئێمە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین و یارمەتی جووتیارەکانمان بدەین، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیەنن کە ببێت بە خێروبەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بۆ زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەوڵماندا جووتیارەکان رازیبن، حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی وا بگرێتەبەر کە بەرهەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە نەک تەنیا لە ئاستی ناوخۆ، بەڵکو شتێکی وابکەین هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا وابکات ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لە رووی کشتوکاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: “ئەگەر سەیری مێژوو بکەن کشتوکاڵ لەم ناوچەیە سەریهەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستان ئەگەر سەیری بکەین چەندین هۆکار هەبوون کە نەیهێشتووە بابەتی کشتوکاڵی لێرە پەرەبستێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان، دروستکردنی کەمپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە زەوییەکانی دووربخرێنەوە و، نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان، بەڵکو هەمیشە چاویان لە دەستی حکومەتێکی داگیرکەربێت، ئەمە هۆکاری سەرەکی بووە کە زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵی داوە، دوای ئەوەش سیاسەتێکی تری بەرامبەر پەیڕەو نەکراوە تاکو بووژانەوەی ئابووری لەسەر بنەمای کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی پەرەبستێنێت، ئێمە لەم کابینەیەدا هەستمان بەوەکرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەهاتووی بە خەڵکی ئێمە داوە، پێویستە لە سەرەتاوە یارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیشیان بین، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێت بە داهاتێک بۆ خۆیان، بەڵکو یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت بۆ حکومەت و بۆ زیادکردنی داهات لەسەر ئاستی هەموو کوردستان”.

مەسرور بارزانی جەختدەکاتەوە، کە سیاسەتی کابینەی نۆیەم هەمەجۆرکردنی داهاتە و دەڵێت: “سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵ، کەرتەکانی دیکەش هەن وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی، ئەمانەش گرنگیمان پێداون، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان هەیە، وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکەش، کەرتی پیشەسازی بۆ نموونە ئەوکاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت، کشتوکاڵ خۆی دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی چەندین کاری دیکە، نموونەیەکی بەرچاو ئەمەیە کە هەر جووتیارێک تاکو بەرهەمی خۆی وەبەردێنێت و دەیگەیەنێتە بازاڕ، دەبێت بە چەند قۆناغێک تێپەڕێت، وە لەمە پێویستی بە چەند ئامراز و ئامێرێکە، بۆ یارمەتیدانی ئەو جووتیارە تاکو بەرهەمەکەی خۆی پێبگەیەنێت، ئەمە وادەکات کەرتی پیشەسازی بێتە ناو بابەتەکەوە، لەلایەکی دیکەوە بابەتی گواستنەوە، ئەمە هەمووی دروستکردنی هەلی کارە و زیادکردنی جۆرەکانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام من دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کشتوکاڵ بنەمای بەهێزی ئابوورییەکی بەهێزە لە هەموو وڵاتێکدا، بۆیەش جەختێکی زۆرمان لەسەر کردووەتەوە، لەلایەکی دیکەش دەتوانم بڵێم سەرمایەیەکی لەبن نەهاتووە، هەموو ساڵێک دەتوانی نوێی بکەیتەوە و پەرەی زیاتری پێبدەیت، بەتایبەتی ئەگەر بتوانی بیگەیەنیتە ئاستێک کە پێداویستییە ناوخۆییەکان دابینبکات، لەمەش زیاتر هەناردەی دەرەوەی بکەیت ئەمە دەبێتە داهاتێکی زیاتر کە دەتوانی لە شوێنەکانی دیکە وەبەر‌هێنانی بۆ بکەیت، ئەمە ئابووری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر بەرەو پێش دەبات”.

سەرۆکی حکومەت، گوتی: “من دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم ئێمە دەتوانین بابەتی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی لە کوردستان دابین بکەین، ئەگەر پەرە بەو کەرتە بدەین هیچ مەترسییەکمان لەسەر ئاسایشی خۆراک نابێت، کە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک، نیشتمانێک و کیانێک، لەلایەکی دیکەوە پەرەپێدانی ئەم کەرتە وادەکات کە کاریگەریت هەبێت لەسەر ناوچەکانی دیکە، بۆ نموونە لە عێراقدا دەتوانین کوردستان وەکو سەبەتەی خۆراک بەکاربهێنین، چونکە زەوییەکی بەپیتمان هەیە، ئێمە ئەگەر سوود لەوە وەربگرین دەتوانین کاریگەرییمان هەبێت، ئەم دانوستاندنە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر پێگەت، وەکو نیشتمان و نەتەوە، دەتوانیت وەبەرهێنەری ئاسایشی خۆراک بیت، نەک تەنیا بۆ خۆت بۆ وڵاتانی دیکەش، زۆر وڵاتی دیکە هەن لەوانەیە ئەو خاکەیان نەبێت بتوانن کشتوکاڵی تێدا بکەن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابینبکات، ئەمە خۆی لە خۆیدا وادەکات بابەتی دانوستاندن و هەناردەکردن و هاوردەکردن بگەیەنێتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت”.

مەسرور بارزانی، گوتیشی: “هەموو شتێک لەسەر ئەوەیە کە تۆ پێویستیت بە چییە، راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە و زۆرترین داهاتی ئێمە لەو کەرتەوە بووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەم داهاتە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێمە ئەوکاتە چیبکەین، دەبێت لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەیتەوە مادام توانای ئەوەت هەیە کەرتی کشتوکاڵی وا لێبکەیت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتەکەت بۆ نەیکەیت، من پێموایە تاکو ئێستا کە نەکراوە هەڵە بووە، دەبوایە زوو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بناغەیە لەسەرەتاوە دروستبکرێت، ئینجا دێتە سەر ئەوەی کە وڵاتانی دیکەش پێویستیان بەوە هەیە، کە بێن ئاڵوگۆڕی بیروڕات لەگەڵ بکەن، ئەوە کراوە، ئێمە چووین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دۆستمانن بیرۆکەکەمان لەگەڵ باسکردوون، کە کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابین بکات، ئەگەر ئەوانیش بیانەوێت سوود لەو سامانە نیشتمانییە یان سرووشتییە وەربگرن، ئەمە رێگەی خۆشکرد، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین وەکو هەنگاوی یەکەم (پایلۆت پرۆجێکت) شتێک بکەین بیرمان لەوە کردەوە، لە هەنار کە زۆریش بەتامە هەناری کوردستان ئێمە ئەوە وەکو پایلۆت پرۆجێکت بەکاربهێنین، هەنار هەناردەی دەرەوە بکەین، بەڵام لەوە نەوەستین، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵیش وەکو ترێ، هەنگوین، هەنجیر و زۆر میوەی تر هەناردەی دەرەوە بکەین، پێموایە ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێت، هەم بۆ جووتیارەکان هەمیش بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی”.

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: “من داکۆکیم لەوەکردووە تامی میوەی کوردستان وەکوخۆی بمێنێتەوە، بۆیە داوامکردووە شتەکان ئۆرگانیک بن، هەر ئەو تامە خۆشە خەڵک هەستی پێبکات من دڵنیام دۆستمان زیاتر دەبێت، تەنیا وەکو (پایلۆت پرۆجێکت) هەناردەکردنی هەنارمان دەستپێکردووە، هەناری کوردستان تامی زۆر خۆشە، ئەم بەرهەمە ئامادەبوو بۆ ئەوەی لەسەرەتاوە لەوە دەستپێبکەین، دەتوانم بڵێم میوەکانی دیکەی کوردستانیش لە قۆناغەکانی دیکەدا ئیشیان لەسەر دەکەین”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەڵێت: “بابەتی کشتوکاڵی دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی زۆر بابەتی دیکەی ئابووری، ئەگەر بەرهەمی ناوخۆیی کشتوکاڵی زیادبکات پێویستت بەوە دەبێت لە شوێتنێک هەڵیان بگریت، کەواتە دەبێت ژمارەیەک وەبەرهێنەری دیکە بێن کۆگا دروستبکەن، بۆ کۆکردنەوەی ئەو هەموو بەرهەمە ناوخۆییە، دواتر پێویستت بە لە قووتونان (پاکێجینگ) دەبێت کەواتە دەبێت کۆمپانیای دیکە بێن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی رێکوپێک و ستاندارد بەرهەمەکان ئامادەبکەن و هەناردەی دەرەوەی بکەن، هەروەها پێویستی بە کۆمپانیای دیکە دەبێت بۆ گەیاندن کەواتە تەنیا بە زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی چەندین کەرتی دیکە و کۆمپانیای دیکە بەکاردەخرێن، هەر کۆمپانیایەک چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت، کەواتە سەرچاوەی ئابوورییەکی بەهێز لە کشتوکاڵەوە دەستپێدەکات و پەرەدەستێنێت بۆ پیشەسازی و بازرگانی، ئەمە وادەکات لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئابووری کوردستان هەستێتەوە و بەهێزتربێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختدەکاتەوە: “رێگە کراوەیە ئەگەر وەبەر‌هێنەری ناوخۆییمان هەبێت، بێگومان وڵاتی خۆیانە و ئێمە وەکو حکومەت پاڵپشت و هاندەریان دەبین بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بکەن، ئەگەر دەتوانن بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەری بیانیش وەبەر‌هێنان بکەن ئەمەش دیسان رێگە کراوەیە، هەروەها ئەگەر وەبەر‌هێنەری بیانیش بێن وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن دیسان رێگە کراوە، کەواتە بۆ هەموو لایەک رێگە هەیە و حکومەت پاڵپشت و هاوکار دەبێت”.

مەسرور بارزانی داواش لە جووتیاران دەکات زیاتر گرنگی بە وەبەر‌هێنان لە کەرتی کشتوکاڵی بکەن، بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، دەشڵێت: “ئەمە نەک بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەتوانین هەناردەی دەرەوەشی بکەین، داهاتی خۆیان زیاتر دەکات و کوردستان بەهێزتر دەبێت، داواش لە هەموو وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەکەم سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە هەرێمی کوردستان رەخساندوویەتی، بۆ ئەوەی بێن لێرە وەبەر‌هێنان بکەین کە بۆ ئێمە و وەبەرهێنەرەکانیش سوودی دەبێت”.

لە کۆتایی گوتەکانیدا سەرۆکی حکومەت، گوتی: “من پێم وایە نهێنی سەرکەوتنی کوردستان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی دایە، زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم جووتیارەکان بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەو سامانە سرووشتییە دەکەن، ئەمە دەتوانێت کوردستان بباتە ئاستێکی زۆر بەرزتر، بۆیە من ئومێدێکی زۆرم هەیە لەو دەرگایە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ببەین و ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی خۆمان دابین بکەین”.

بەپەلە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە هەولێرییەکان کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری هەولێر، سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە هەولێرییەکان …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *