
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 09ـی 11ـی 2022 دەستگیرکردنی ئافرەتێکی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئاشتی سنووری شاری هەولێر تۆمەتبارێکی ئافرەتیان بەناوی (د. ع. ا.) دەستگیر کرد بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
ڕاشیگەیاند: لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەست بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر و چەند شوشە پایپی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و چەندین دنکە حەبی ترامادۆڵدا گیرا.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە تۆمەتباری ناوبراو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بەشی نەهێشتنی تاوانی ماددە هۆشبەرەکان کرا تاوەکو ڕێککاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بگیرێتە بەر.