
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دیداری مێری به‌شداری كرد و له پانێلێكی تایبه‌تدا گفتوگۆی له باره‌ی چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی كرد.
په‌یام بۆ سوودانی
له باره‌ی په‌یامی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئه‌ركێكی قورسی له‌سه‌ر شانه و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم.
گوتیشی: عێراق به ره‌وشێكی ناخۆشدا تێده‌په‌ڕێت و هۆكاریشی زۆره، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به كارتێكردنی ده‌ره‌كی و به‌شێكیشیان په‌یوه‌ندی به هه‌ڵه‌ی كابینه‌كانی پێشوو هه‌یه، راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه ئاسان نییه.
مه‌سرور بارزانی، گوتیشی: خه‌ڵك له هه‌موو كات زیاتر پێویستی به خزمه‌تگوزارییه، هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێك بیه‌وێت سه‌ركه‌وتوو بێت، پێش هه‌موو شت ده‌بێت كاره خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ خه‌ڵك زیاد بكات. هه‌ر هه‌وڵێك بدات بۆ زیاتركردنی خزمه‌تگوزاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و خێرا راییكردنی كاره‌كان یارمه‌تیده‌ری ده‌بن، چونكه عێراق له ئاستێكدا وه‌ستاوه هه‌ر پێشكه‌وتنێك زۆر گه‌وره دێته به‌رچاو.
هه‌روه‌ها گوتی: هیوادارم لایه‌نه‌كانیش پشتیوانی بن، چونكه به‌داخه‌وه زۆرجار لایه‌نه سیاسییه‌كان له بری ئه‌وه‌ی هاوكاری بن، بۆ ململانێی سیاسی ئه‌ركه له پێشینه‌كانی حكومه‌ت له بیرده‌به‌نه‌وه.
چۆن یارمه‌تی به‌غدا ده‌ده‌ن؟
مه‌سرور بارزانی له باره‌ی هاوكاریكردنی به‌غداوه گوتی: ئێمه لێره ئه‌زموونێكمان هه‌یه، ئه‌م سێ ساڵه‌ی رابردوو ئاسان نه‌بوو بۆمان، كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی حكومه‌تمان پێشكه‌ش به په‌رله‌مان كرد، ئه‌م كابینه‌یه له چوارچێوه‌ی ئه‌جێندای خۆیدا كاری كردووه و زۆر هه‌نگاوی ناوه، ئێمه ده‌توانین ئه‌م ئه‌زموونه‌ی له ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه پێشكه‌شمان كردووه، ده‌توانین باسیان بكه‌ین و له خزمه‌تی هه‌موو عێراق به‌كاری بهێنین.
مه‌سرور بارزانی نموونه‌ی هێنایه‌وه و گوتی: ئێمه نه‌ك ته‌نیا چاكسازی، ده‌ستمان به پرۆسه‌ی درووستكردنه‌وه كرد و هه‌ندێك شت كاتی ده‌وێت، ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ده‌ستبێت، بۆ نموونه: له به‌دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌توانم بڵێم له كۆتایی 2025 له هه‌رێمی كوردستان كار به كاغه‌ز ناكرێت، هه‌موو كاره‌كان به دیجیتاڵی ده‌كرێن، ئێمه له‌و بواره‌دا له پێشین. له رووی هه‌مه‌جۆركردنی ئابوورییه‌وه، ئه‌م سێ ساڵه ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوومان هه‌بووه، ته‌نیا بیرمان له په‌ره‌پێدانی كه‌رتی وزه نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو په‌ره‌مان به كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار دا. هه‌نگاوی باشمان نا و له مانگی داهاتوودا یه‌كه‌م هه‌نارده‌كردنی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مه كشتووكاڵییه‌كان له هه‌رێمه‌وه بۆ ده‌ره‌وه ده‌ستپێده‌كات. ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وت و هه‌نگاوێكی زۆر باشه.
هه‌ولێر و به‌غدا
مه‌سرور بارزانی، سه‌باره‌ت به هاوكاریكردنی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، گوتی: كه باسی كێشه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، پێویسته هه‌ردوولا هاوكاری یه‌كدی بین، وه‌ك هه‌رێم ئاماده‌ییمان پیشانداوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان هه‌ردوولا ماونه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ر نه‌بوون. یه‌كێك له‌و كێشانه نه‌بوونی یاسای نه‌وت و غازه، تا ئێستا عێراق یاسای نه‌وت و غازی نییه، ئێمه ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه یاسای نه‌وت و غاز گه‌ڵاڵه بكه‌ین و ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت بۆ په‌سندكردن، ئه‌مه ده‌بێته چوارچێوه‌یه‌ك بۆ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ئه‌م كێشانه‌ی ئێستا هه‌ن، هه‌موویان به‌م شێوه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌بن.
گوتیشی: بابه‌تی دووه‌م، ناوچه‌كێشه‌له‌سه‌ره‌كانه، كه به مادده‌ی 140ی ده‌ستوور دیاریكراوه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا حكومه‌تی فیدراڵی نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م مادده‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیه‌تی باش له حكومه‌تی فیدراڵی هه‌بێت، ئه‌وا ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییمان هه‌یه ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌مه‌ش به چه‌ند قۆناغێك ده‌كرێت، كه له ده‌ستووردا هاتووه، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌كێشه له‌سه‌ره‌كان یه‌كێك ده‌بێت له خاڵه هه‌ره گرنگه‌كانی نزیككردنه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه ئه‌و ئاماده‌ییه‌شمان هه‌یه، بۆ نموونه ئاماده‌یی درووستكردنی هێزی هاوبه‌ش یان لیوا هاوبه‌شه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سنوورانه‌ی كه ئێستا داعش به‌داخه‌وه سوودی لێ ده‌بینێت و ده‌بێته هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر هێزه عێراقییه‌كان و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌و ناوچانه، ئێمه ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان هه‌یه، به‌ڵام تاكو ئێستا حكومه‌تی عێراق نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه. ئه‌مه‌ش خاڵێكی دیكه ده‌بێت له هاوكاریكردن. هه‌روه‌ها بابه‌تی بودجه، كه باسمان كردووه، ئێمه چه‌ندینجار شاندمان ره‌وانه‌ی به‌غدا كردووه، له رووی ته‌كنیكییه‌وه زۆر زۆر پشتڕاستم له‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه به ده‌ستی پڕه‌وه چوون و زاڵبوون له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی ده‌یانكرد، چونكه هه‌موو شت به ژماره‌یه و ژماره‌كانیش دیارن، كه حكومه‌تی هه‌رێم مافه‌كانی چییه و ئه‌ركه‌كانی چین، ئه‌م شتانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی و مسته‌فا كازمی باسكراوه، جارێكی دیكه‌ش ئاماده‌ین شاند بنێرینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باسی هه‌موو ئه‌و خاڵانه بكه‌ین، حكومه‌تی هه‌رێم چ مافێكی هه‌یه، كه حكومه‌تی عێراقی فیدراڵی پێی بدات و چ ئه‌ركێكمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێی بكه‌ین، ئێمه ئاماده‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا ئه‌وه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتیشی: یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه ئه‌م شتانه جێبه‌جێ بكات، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌كارنه‌هێناوه، یان پشتیوانی نه‌بووه، هه‌میشه كێشه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بووه، گله‌یی ئه‌وه‌ی كردووه، پشتیوانی سیاسی له لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كانه‌وه نه‌بووه، مه‌ترسی هه‌بووه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، له لایه‌ن هه‌ندێك حزبه‌وه دژی سه‌رۆك وه‌زیران به‌كارهاتووه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه له‌وه‌ی بێن چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی نه ته‌كنیكییه نه یاساییه، سیاسییه، بڕیاری سیاسی له به‌غدا هه‌بێت، ئێمه ده‌توانین هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه به ماوه‌یه‌كی زۆر زوو چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
چۆن ده‌چنه به‌غدا؟
مه‌سرور بارزانی، له باره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی هه‌ولێره‌وه گوتی: ئێمه پێشتر له‌سه‌ر هه‌ندێك بنه‌ما گه‌یشتووینه‌ته تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش. ئێمه داوای شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌مان كردووه، ئێمه به‌شداریكردنمان له حكومه‌ت ناوێت، شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌مان ده‌وێت. ئه‌و پۆستانه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستانن پێویسته وه‌ك خۆیان به گوێره‌ی رێژه‌ی دانیشتووان بدرێن. ئێمه ده‌مانه‌وێت له بڕیاره ستراتیژییه‌كان به‌شداربین، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ بڕیارێك تاكلایه‌نه به‌سه‌رماندا نه‌سه‌پێندرێت. ئه‌گه‌ر به‌شێكین له عێراقێكی یه‌كگرتوو، ده‌بێت خاوه‌نی هه‌موو بڕیارێك بین. نیازپاكیمان پیشانداوه و من ئاماده‌م هه‌ر كاتێك پێویست بێت سه‌ردانی به‌غدا بكه‌م. چاویشمان له‌وه‌یه مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان چیتر پێشێل نه‌كرێن.
گوتیشی: له حكومه‌ته‌كانی پێشوو به مه‌به‌ست پۆسته‌كان به كورد چۆڵكران. له كاتێكدا بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری كورد له پۆسته‌كان ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌رگای به‌غدا به رووی هه‌رێمی كوردستاندا كراوه بێت، خه‌ڵكێكی زۆر به توانا‌مان هه‌یه ده‌توانن ئه‌زموونی ئێره بگوزانه‌وه ئه‌وێ.
چاكسازی
سه‌رۆكی حكومه‌ت له باره‌ی كارنامه و پلانی حكومه‌ته‌وه گوتی: كۆرۆنا یه‌كێك له كێشه‌كان بوو، ماوه‌یه‌كی زۆر حكومه‌ت په‌كیكه‌وت، نه‌مانتوانی وه‌ك پێویست ئه‌جێندای خۆمان جێبه‌جێبكه‌ین. به‌غدا بودجه‌ی نه‌نارد، كێشه‌ی بودجه‌ش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا به‌رده‌وام بوو. شێوازی حوكمڕانی له هه‌رێم به‌و جۆره بووه، كه به‌داخه‌وه زۆربه‌ی داهات بۆ مووچه ده‌ڕوات، سیاسه‌تێكی ئابووری و ژێرخانێكی ئابووری به‌هێزمان نه‌بووه، بتوانین پشتی پێببه‌ستین. كاتێك هه‌ستمان به‌و كێشانه كرد، بیرمان له‌وه كرده‌وه سه‌رچاوه‌ی داهاتمان فره‌چه‌شن بكه‌ین. داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتیمان رێكخسته‌وه. داهاتی نانه‌وتی له ئاستی پێویست نییه. له‌به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا یه‌كێك له‌خاڵه‌كان ئه‌وه بوو، چۆن كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار پێشبخه‌ین.
گوتیشی: هه‌ستم كرد، نه‌ك ریفۆرم، ده‌بێت زۆر شت له بنه‌ڕه‌ته‌وه درووست بكه‌ین، كه هه‌ر نه‌بووه. له ئێستاشه‌وه ده‌بێت هه‌نگاو بنێین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌نجامی به‌شێك له هه‌وڵه‌كان ئێستا ده‌رناكه‌ون، وه‌به‌رهێنان له كه‌رته جیاجیاكان ده‌كه‌ین.
روونیشیكرده‌وه، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی دیكه، پشتیوانی لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌بووه بۆ پڕۆژه‌ی حكومه‌ت. حكومه‌ت وه‌ك ده‌زگایه‌ك بینراوه، هه‌ندێك خه‌ڵك له‌وێن و حزبه‌كان شتی دیكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌می ئه‌وه‌یان بێت، چۆن خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن، ده‌بێت لێره‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ڵك راستگۆبن، به باش بڵێن باش و به خراپ بڵێن خراپ، چاكه پادداشت بكه‌ن و خراپه‌ش سزا بده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆرجار له‌به‌ر ململانێی سیاسی زۆرجار ئیشی چاكیش پادداشت ناكرێت و به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنی راستییه‌كان ده‌درێت، به‌داخه‌وه ئه‌و پشتیوانییه‌ی من چاوه‌ڕێم ده‌كرد، نه‌مبینی، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان هه‌موویان پشتیوان بن بۆ حكومه‌ت، ره‌خنه بگرن و شته‌كان ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا رۆیشتن و ره‌خنه‌مان لێ‌بگرن و بمانهێننه‌وه سه‌ر رێگه راسته‌كه من سوپاسیان ده‌كه‌م، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر شتی باشیش كرا ده‌ستخۆشی بكرێت و پشتیوانی بكرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: سه‌ره‌ڕای هه‌موو گرفته‌كان، بڕینی بودجه و كۆرۆنا و كێشه ئه‌منی و یاساییه‌كان و درۆن، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا مووچه هه‌موو مانگێك دراوه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو قه‌یرانه‌كان، یه‌ك فلسمان قه‌رز نه‌كرد، دوو ملیار دۆلار قه‌رزی پێشوومان داوه‌ته‌وه، توانیمان له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین، هه‌وڵمداوه حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاربین، داواش ده‌كه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان پشتیوان بن، راسته ناكۆكی سیاسی و بۆچوونی جیاواز ده‌بێت، به‌ڵام كابینه‌یه‌كی ته‌بامان هه‌بووه.
شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان
مه‌سرور بارزانی، گوتی: ده‌سه‌ڵاته‌كانمان شۆڕكرده‌وه، هه‌ندێك پارێزگا سه‌ركه‌وتووتر بوون له ئیداره‌دانی داهاتی خۆیان، حكومه‌ت ده‌سه‌ڵات ده‌داته لایه‌نێك ده‌بێت به‌رپرسیارێتییه‌كه‌شی قبووڵبكات، ئه‌مه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی كێشه‌كان بووه.
گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو بێت، ده‌بێت ئاگاداری هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی داهات بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان چاره‌سه‌ر كرد، كێشه‌كانی دیكه‌ش چاره‌سه‌رییان ئاسانه.
وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان كرد و گوتی: یاسایه‌ك له هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه، كه زۆر پشتگیری له وه‌به‌رهێنه‌ران كردووه، به تایبه‌تی وه‌به‌رهێنه‌رانی ده‌ره‌وه، توانیویانه به پێی ئه‌م یاسایه بێن و له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانیان كردووه، ئه‌مه شتێكی نوێ نییه، ئێمه بۆ هه‌مواری ئه‌م یاسایه و زیاتر راكێشانی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت یارمه‌تی وه‌به‌رهێنه‌ره ناوخۆییه‌كانیش بده‌ین، هه‌ندێك بابه‌تمان له به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان هه‌موار كردووه‌ته‌وه.
گوتیشی: بوونی ئاسایش له هه‌رێمی كوردستان خاڵێكی ئه‌رێنییه بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنان بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه به یاسا پابه‌ندی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تمان به وه‌به‌رهێنان پیشانداوه، ماڵ و سامانیان پارێزراوه. هه‌موو وه‌به‌رهێنه‌رێك كه دێت، با دڵنیا بێت ئاسایشی ده‌سته‌به‌ره و حكومه‌ت ئاسانكاری زۆریشیان بۆ ده‌كات، له لێخۆشبوونی باج و رسووماته‌وه. هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت ببێته ده‌روازه بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق. واته پێویست ناكات له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بن، ره‌وشی هه‌موو عێراق باش بێت ئینجا بێت، با بێنه هه‌رێمی كوردستان و ئه‌گه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق باش بوون، با لێره‌وه بچنه ئه‌وێ.
رێگری له گه‌نده‌ڵی
سه‌رۆكی حكومه‌ت له باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه گوتی: پێویسته سیستم رێكبخرێت بۆ ئه‌وه‌ی بواری گه‌نده‌ڵی له سیستمه‌كه‌دا نه‌بێت. ئێستا كڕینی پێداویستی به ئۆنلاین ده‌كرێت، جیاوازی نرخمان نه‌هێشتووه، رێگریمان له درووستبوونی گه‌نده‌ڵی كردووه، ده‌بێت سزاش هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات. ئه‌گه‌ر سیستم رێكبخرێت و رێگه نه‌دات گه‌نده‌ڵی بكات، ئه‌و كاته ئه‌گه‌ر كه‌سێك نیازی گه‌نده‌ڵیشی هه‌بێت، رێگه‌ی نییه بیكات.
گوتیشی: له هه‌رێمی كوردستان زۆربه‌ی داهاتی ئێمه بۆ مووچه ده‌ڕوات، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا دامه‌زراوه‌یه‌ك راده‌گه‌یه‌نین، كه چۆن یارمه‌تی بیرۆكه و داهێنان و بازرگانی گه‌نجان بدات، درووستكردنی هه‌لی كار واده‌كات، كه‌رتی تایبه‌ت فراوان بێت. نه‌ك هه‌مووی چاویان له دامه‌زراندن بێت له حكومه‌ت، چونكه حكومه‌ت پێویستی به‌و هه‌موو خه‌ڵكه نییه، ده‌بێت خه‌ڵك بژارده‌ی هه‌بێت، له حكومه‌ت بێت یان كه‌رتی تایبه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی هانی كه‌رتی تایبه‌ت بده‌ین، بابه‌تی دڵنیایی و خانه‌نشینی له كه‌رتی تایبه‌ت كاری له‌سه‌ر كراوه.
سه‌باره‌ت به بانكیش، گوتی: به‌رنامه‌مان هه‌یه سیستمی بانكی رێكبخه‌ینه‌وه و هه‌ندێك كار هه‌یه، ده‌كرێت له لقی بانكی فیدراڵی له هه‌رێم جێبه‌جێ بكرێن.
ئازادی راده‌ربڕین
له باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به ئازادی راده‌ربڕینه‌وه مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ده‌مه‌وێت دڵنیابن له‌وه‌ی به هه‌موو جۆرێك پشتیوانی راده‌ربڕینم. ئه‌مه بۆ موجامه‌له نییه، راسپارده‌ی ئێمه بۆ حكومه‌ت ئه‌وه بووه، زانیاری بدرێته میدیا، به‌ڵام به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌شه، یه‌كێك بێت مه‌به‌ستی بێت پیشه‌ییانه ئیش بكات، به هه‌موو جۆرێك پشتگیری و هاوكاریان ده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین.
پارتی
له باره‌ی كۆنگره‌ی چوارده‌یه‌مینی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، كه بڕیاره پێنجشه‌ممه ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكات، مه‌سرور بارزانی گوتی: پارتی وه‌ك حزبێكی ره‌سه‌نی كوردیی، ته‌نیا حزبێك نییه، به‌ڵكو بزووتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریخوازی كوردستانییه، چه‌تری فراوانه و له هه‌موو كوردستان و هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ناو پارتییدا هه‌ن. به هۆی ریفراندۆم و شه‌ڕی داعش له كاتی خۆی كۆنگره نه‌به‌ستراوه.
گوتیشی: هه‌ندێك بنه‌ما هه‌ن له ناو پارتییدا نه‌گۆڕن، له‌وانه رێبازی پیرۆزی بارزانییه به‌لای ئێمه‌وه، پارتی وه‌كو لایه‌نێكی سه‌ره‌كی بۆ پێشخستنی دیموكراسی و ئاوه‌دانی و به‌رگریكردن له خاك و نیشتمان به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وانی دیكه شتی لاوه‌كین.
كێشه‌كان سیاسیین
له باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا، سیاسییه، راسته هه‌ندێك كێشه یاسایین، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئیراده‌یه‌كی سیاسیی هه‌بێت، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئه‌و ئیراده‌یه له به‌غدا نه‌بووه، ده‌ستوورمان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، هۆی چاره‌سه‌ر نه‌كردنیان نه‌بوونی ئیراده‌ی سیاسییه. هه‌ر كاتێك ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئێمه ده‌توانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا
مه‌سرور بارزانی جه‌ختیكرده‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كان له رابردوودا باش نه‌بوون، خه‌تای ئێمه نه‌بووه، هه‌میشه داوای په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه. ئێمه به‌شداریمان كرد له درووستكردنی بنچینه‌كانی سوپای عێراق، كه 28 له سه‌دی كورد بوو، به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك و ماوه درێژ ڕێژه‌ی كورد له سوپای عێراق دابه‌زێندرا بۆ كه‌متر له 2 له‌سه‌د، هه‌رچی پۆستی گرنگ هه‌بوو له به‌غدا له كورد سه‌ندرایه‌وه و كورد له به‌غدا وه‌ده‌رنرا، به‌غدا نه‌یویستووه په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ ئێمه به‌رده‌وام بێت، ئه‌م حكومه‌ته ده‌رگا بكاته‌وه، بێگومان ئێمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین و پێشمان خۆشه باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا هه‌بێت.
گوتیشی: له باره‌ی نه‌وت و غاز و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن و ئه‌و گوشارانه‌ی هه‌بوون، قسه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه، به‌داخه‌وه له چه‌ند مانگی رابردوودا فشاریان خسته سه‌رمان، ئێمه له‌وه تێگه‌یشتین ده‌بێت ئه‌و گوشارانه راگیرێن تا ره‌شنووسێكی یاسایی بۆ هایدرۆكاربۆن ئاماده بكه‌ین و بینێرین بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران. ئه‌وه‌ش ده‌بێته چاره‌سه‌رێكی زۆر باش بۆ هه‌موو كێشه‌كان، هیوادارم تێبگه‌ن و رێز له‌و لێكتێگه‌یشتنه بنێن، كه هه‌مانه، من چاوم له‌وه‌یه بگه‌ینه چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی، ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌یكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌مپه‌ینه به‌رده‌وام بێت، با به روونی بیڵێم، ئه‌مه بۆ من نییه بڕیار بده‌م، ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌یه، له ناو ئه‌و ده‌ستووره‌دا ماف و ئه‌ركی ئێمه دیاریكراون، ئێمه ده‌زانین مافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانیشی چییه، ئه‌مه زۆر روونه و باشیش ده‌یزانین، ئێمه ناتوانین واز له یه‌ك دانه مافی خۆمان بهێنین، كه ده‌ستوور بۆ گه‌لی كوردستانی دیاركردووه، نه بۆ من و نه بۆ كابینه‌كه و نه بۆ هیچ به‌رپرسێكی كورده بێت و بڵێت ئێمه واز له‌م مافه ده‌ستوورییه ده‌هێنین، ده‌ستوور تاكه رێگه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به گوێره‌ی ئه‌و ده‌ستووره ئێمه هیوادارین ئه‌م یاسای هایدرۆكاربۆنییه په‌سند بكرێت. ئێمه به‌رگری له مافه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، سوورین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه.
وه‌به‌رهێنان له بواری ئاسایش‌دا
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به وه‌به‌رهێنان له بواری ئاسایشییدا گوتی: ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه تێكه‌ڵ بین و هه‌رێمی كوردستان پێشبكه‌وێت، هه‌رێمی كوردستان پێشتریش له رووی دابینكردنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و جیهانیش پێشه‌نگ بووه. چه‌ند ساڵ پێش ئێستا شه‌ڕی داعش به هیممه‌تی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی كوردستان و دواتریش هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراقیش یارمه‌تییان داین و ئێمه توانیمان رووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئاسایشی جیهانی ببینه‌وه، هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، نه‌ك له رووی ئاسایشه‌وه له رووی بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریش هاوكاری عێراق و ناوچه‌كه‌ش بدات
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە