
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی کەنەدا لە عێراق كرد و چهند بابهتێكیان تاوتوێ كرد.
ئهمڕۆ یهكشهممه 30/10/2022، مهسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە گریگۆری گالیگان، باڵوێزی کەنەدا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە لە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی حکوومەت بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان، خزمەتی گشت پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازی، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبوون بە پرنسیپەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان، چارەسەر بکات.
باڵوێزی کەنەدا، ستاییشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بە تایبەتی لە بواری بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانیی ئەلیکترۆنی، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست لەم بوارەدا.
گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتیى و بنبڕکردنی ھەموو کارێکی تیرۆریستی، ھەروەھا کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر ژیانی خەڵک، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.


