نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مه‌سرور بارزانی: سیستمی دیجیتاڵی بۆ ئه‌وه‌یه‌ باشتر و خێراتر خزمه‌تی هاووڵاتییانمان بكه‌ین

مه‌سرور بارزانی: سیستمی دیجیتاڵی بۆ ئه‌وه‌یه‌ باشتر و خێراتر خزمه‌تی هاووڵاتییانمان بكه‌ین

ئەمڕۆ چوارشەممە 19/10/2022، لە بەردەوامیی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کارنامەی خۆی و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستراتیجیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی ڕاگەیەندرا و لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمەش دەقی وتاری مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان

ئامادەبوانی بەڕێز، بەیانیتان باش

زۆر بەختەوەرم کە ئەمڕۆش لێرە لەگەڵ یەکین بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە ڕابگەیەنین، کە ئەویش ستراتیجیی وەرچەرخانی دیجیتاڵییە و بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی.

بەپێویستی دەزازنم دەستخۆشی لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ستراتیجییە و کارکردنی بەردەوام و بێوچان لە پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردن، هەروەها زۆر سوپای هاوکاری و هەماهەنگیی شانشینیی یەکگرتوو، بەتایبەتی کونسوڵی گشتی، بەڕیز دەڤید هانت و تیمەکەی بکەم کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە بەرهەمهێنانی ئەم ستراتیجییە و هاوکاریکردنی نووسینەکەم لەم بوارەدا.

ئێمە ئامانجمان لەم ستراتیجییە ئەوەیە کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوو، واتا تا کۆتایی ساڵی 2025 حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە سەرلیستی حکوومەتەکانی ناوچەکە لە بواری بەدیجیتاڵیکردن و حکوومەتی ئەلیکترۆنیدا، بۆ ئەم مەبەستەش نەخشەڕێگایەکمان هەیە کە دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە، ئەم نەخشەڕیگەیە هاوکاری و ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەشی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو کار و خزمەتگوزارییانە بکەن کە گرنگن و کاری لەپێشینەن بۆ ئەنجامدانیان، بۆ نموونە لە مانگی 8ی ئەمساڵ سیستمی دیجیتاڵیی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار کارا کرد. پاشان لە مانگی 9دا سەنتەری ناوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان لە فەرمانگەی تەلنەلۆجیای زانیاری کردەوە کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی بنیادنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان. هەروەها خزمەتێکی زۆری دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی زۆر باشتر و خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکەن. هەروەها هەنگاوێکی زۆر گرنگیشە بەرەو برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی بیرۆکراتی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

لە داهاتوویەکی نزیکدا وەک بەشێک لە پڕۆژەی بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان سیستمێکی نوێی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕادەگەیەنین کە بە شێوەیەکی زۆر ئاسانتر و خێراتر و هەرزانتریش خاوەنکار و وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان دەتوانن کۆمپانیاکانیان تۆمار بکەن، ئەمەش کاریگەریی باشی لە بواری گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

پڕۆژەیەکی دیکەمان لە بواری دیجیتاڵیدا کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بخرێتە کار، سیستمی ڤیزای ئەلیکترۆنییە، واتا ئی‌ڤیزا، کە ئەویش کارئاسانییەکی باش دەکات بۆ گەشتیاران و هاتنی خەڵکی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

جارێکی دیکە دەستخۆشی لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەڕێز هیوا ئەفەندی و تیمەکەی و هەموو ئەوانە دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی ئەم ستراتیجییە. لێرەدا پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامیی کارکردن بە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی حکوومەت دووپات دەکەینەوە کە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەم.

بەڕێزان، ئەم کارەی کە دەکرێ، ماندووبوونێکی زۆری پێویست بووە و ئێمە زۆر جار کە باس دەکەین ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری دروست بکەین، ئەمە ئەو ژێرخانەیە بۆ یارمەتیدانی هەموو کەرتەکانی تری حکوومەت، تاکوو بتوانین بە شێوەیەکی باشتر ئەم ژێرخانە دروست بکەن کە جێی متمانەی خەڵک بێت و خێراتریش بتوانین بەرەو ئایندەیەکی گەشتر و ڕووناکتر هەنگاو بنێین. لەوانەیە زۆر خەڵک ئێستا بۆیان بەدیار نەکەوێت و نەبینن کە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە چەندە، ڕاستە وەکوو باڵەخانەیەک نییە لەبەرچاو بێت و خەڵک بیبینێت، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم دڵنیام هەستی پێ دەکەن کە ئەم پڕۆژەیە چەند گرنگە لەوەی کە یارمەتیی کەرتی خزمەتگوزاری بدات بۆ هەموو هاووڵاتییانی کوردستان.

لە ئەنجامدا ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین خزمەتێکی باشتر و خێراتر بە هەموو هاووڵاتییان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکەین.

جارێکی تر بەخێر بێن، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

بەپەلە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیاندرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *