
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا پەرلەمان درێژە بە کۆبوونەوەکانی خۆی دەدات و کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەش گرنگ بوو، چونکە پەرلەمان لەمەودوا بە ئەرکی خۆی وەکو یاسادانان و چاودێری هەڵدەستێت.
د. ڤیان سەبری، ڕیگەیاند “کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق گرنگییەکی زۆری هەبوو و کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێبکەنەوە، چونکە رۆڵی ئێمە وەکو پەرلەمان گرنگە، هەم لە ڕووی یاسادانان و هەمیش چاودێریکردنەوە، چونکە چەند مانگ بوو پەرلەمان پەک خرابوو و ئێستا جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانی دەست پێدەکاتەوە”.
سەبری گوتیشی: “ئەمە سەرەتایەکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، کە توانیمان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرین، چونکە نەدەکرا پشتگوێ بخرایە، بۆیە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو”.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: “لەمەودوا پەرلەمانی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت، هەم بۆ یاسادانان و هەمیش بۆ چاودێریکردن، کە ئەمە دوو رۆڵی گرنگی پەرلەمانی عێراقن و ئەرکی ئەوانە جێبەجێی بکەن”.
دەشڵێ: “لە ئێستادا شاندەکانی دانوستانکار بەردەوام دانیشتن و گفتوگۆ دەکەن بۆ تەواوکردنی بەرنامەی حکوومەت، کە ئەوە زۆر گرنگە و پێویستە ئەو رێککەوتننامەیەی نێوان حیزبەکان لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگی و جێبەجێکردنی دەستوور بێت، کە ئەوە بۆ هەموو عێراق باشە و بۆ لایەنەکانیش بە هەمان شێوە”.