
ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ی ئەیلوولی 2022) لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوەدراوە، کە محەمەد کازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و لەلایەن ئیحسان عەوادی سەرۆکی فەرمانگەی وڵاتانی دراوسێ، یاداشتێکی نارەزایەتی عێراقی دراوەتێ، چونکە بەهۆی تۆپباران و بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە یاداشتەکەدا هێرشەکانی ئێران، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئیدانەکراوە و داواکراوە ئێران رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت.
هەروەها عێراق داوایکردووە، ئێران پابەندبێت بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە و بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، رێگەی سەربازی نەگرێتەبەر و چەک بەکارنەهێنێت، هۆشداری ئەوەشیداوە، کە بەکارهێنانی هێز دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری هەردوولا.
رۆژی چوارشەممە (28ی ئەیلوولی 2022) سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەکانی (زڕگوێز، کۆیە و پردێ)ی بۆردوومانکرد و بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 کەسیش برینداربوون.
لەبارەی هێرشەکانیانەوە، محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت |هێرشەکان لە رێگەی 73 مووشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە، توانیومانە لەو هێرشانەدا 42 ئامانج بپێکین”.