سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان رایدەگەیەنێت، ریفراندۆم وێستگەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، کە گەلی کورد بۆ بەدیهێنانی مافی بڕیاردان لە چارەنووسی و گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئەنجامی داوە.
د. کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان، راگەیاند: ”ئێمە لە ریفراندۆم نە پەیشیمانین، نە بەشەرمەوە داکۆکیی لێ دەکەین، پێمان وایە هەموو رووداوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ مافێکی نیشتمانیی خۆی بەردەوام دەبێت و کۆتاییشی نەهاتووە، بۆیە ریفراندۆم پرۆسەیەکە کە رووی داوە و بێگومان پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی بەکۆمەڵ هەیە.
سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان باس لەوەش دەکات، کە ریفراندۆم وێستگەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، کە کاروانی تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ بەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس و گەیشتن بە سەربەخۆیی و دامەزارندنی دەوڵەتی نیشتمانیی سەربەخۆ ئەنجامی داوە.
هاوکات پێی وایە، بابەتی نیشتمانی کوردستان هیچ کات دابڕاو نییە لە داکۆکیکردن لە مافی رۆژانەی خەڵک، چ لە دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و ئازادیی بۆیان، کە ئەمانەش هەمووی پێکەوە گرێدراون، هەموو هەنگاوەکانیش پەیوەندییان بە هەلومەرجێکەوە هەیە، کە دێتە پێشەوە، بۆیە مافی چارەنووس دۆسیەیەک نییە لەبیرمان چووبێتەوە و بەردەوام لەپێشماندایە.