
وەزیری دارایی و ئابووری بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بازرگان و پیشەسازكارانی سنووری پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی تایبەت پێکدەھێنێت.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی كوردستان، بە ئامادەبونی د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی باجی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و ژماریەکی بەرچاو لە بازرگانان و پیشەسازانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە.
لەو کۆبونەوەدا، کە لە ژوری بازرگانی سلێمانی بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: “بازرگان و پیشەسازان ئەو توێژەن کە پێویستە ماندوو بون و ھەوڵەکانیان بۆ بوژاندنەوەی ڕەوت و ژێرخانی ئابووری کوردستان بەڕێزەوە خەمڵاندنی بۆ بکرێت و وەک وەزارەتی داراییش ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە سەرجەم لەمپەرو گرفتەکانی بەردەم ئەو توێژە نەھڵن و بەجۆرێکیش ڕێکخستنەوە بۆ شێوازی باجی سەر بازرگانان ڕێکبخەنەوە سودی گشتی لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە تێیدا جێگیربکرێت”.
بەپێی راگەیاندراوەكە، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری باجی سلێمانی و نوێنەری بازرگانان و پیشەسازان گفتوگۆی چڕ کرا لەبارەی ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی وەرگرتن و پێدانی باج لە بازرگانان، ھاوکات بازرگانان داوایان کرد ڕێنمایی و گشتاندنی نوێ لەو بارەیەوە دەربکرێت کە لەگەڵ ڕێژەی داھات و داتای ڕاستەقینەی ژمێرەی کۆتایی کۆمپانیاکان بگونجێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا، لیژنەیەکی تایبەت کە وەک ھێڵی گەرمی نێوان بازرگانان و وەزارەت پێکبھێنرێت و نوێنەری ھەریەک لە ژوری بازرگانی و پیشەساز و بازرگانانی تێدابێت.
لە لایەكی دیكەوە، بەپێی راگەیاندراوی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە کۆبونەوەکەدا، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرکانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: “ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نوێنەرایەتی تەواوی کەرتی تایبەت و خاوەنکاران و بازرگانان دەکات وە ڕۆژانە چەندین کێشەو گرفتی کەرتە جیاوازەکان دێتە لامان کە خۆی دەبینێتەوە لە کیشەی باجی نوسینەگەکان و پارێزەران و پیشەسازان و بازرگانان”.
لە کۆبونەوەکەدا بازرگانان و خاوەن نوسینگەکان و پارێزەران و پیشەسازان و کۆمەڵەی کێڵگە پەرەوەریەکان و نوێنەری نانەوا خانەکان و کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار کێشە و گرفتەکانیان خستەڕوو و لەلایەن وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری باجەوە وەڵام دراتەوە.
سیروان محەمەد٬ ئاماژەی لەوەش دا: “بازرگانان 3% باجیان لێوەردەگیرێت لەسنورەکان لەکاتی هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستیەکان هەربۆیە کۆمپانیاکان پێویستە لەسەر ئەو هاوردەکردنە ژمارەی کۆتایی بدەن بە وەزارەت تا هیچ بڕە پارەیەکی زیاتریان لێ وەرنەگیرێت”.