نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

نوسینی: هیوا ئەحمەد مستەفا

بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزوتنەوی ڕزگاری خوازی کورد، دەرچوو،کە باس لە ڕوداوە سیاسیە گرنگەکانی ساڵانی ۱۹۹٠ـ۲٠٠۲ دەکات.
کتێبەکە بەزمانی سۆرانی و بە شێوەزارێکی پاراو نوسراوە.
ڕوداوەکان یەک بەدوای یەکدا بەزنجیرە وەک خۆیان تۆمار کراون.

باس لە ڕەوشی سیاسی سەردەمی بەرەی کوردستانی و کوردستان دوای ئەنفالەکان و پەلاماردانی داگیرکاریانەی عیراق بۆ دەوڵەتی کوەیت و هەڵوێستی بەرەی کورستانی و پەیامی گفتوگۆ و ئاشتیانەی بەرە بۆ حکومەتی عیراق و لاساریەکانی سەدام حسێن و گوێ نەدان بە ئامۆژگاریە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان دەکات.

باس لە دوو مانگ پێش ڕاپەڕین دەکات کە هێزەکان چۆن دابەش و ئامادە سازکراون بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی .
باس لە ڕاپەڕین و ڕۆژانی ناوڕاپەڕین و بە ئازادکردنی کەرکووکیشەوە دەکات، کە بەرە ئۆپەراسیۆنەکانی وەستاندووە و داوای گفتۆگۆی لە سەدام کردووە و درەنگ وەڵامەکانیان پێگەیشتۆتەوە.

پەیام و وەڵامەکان بە دیکۆمێنتەوە بڵاو دەکاتەوە و باس لە دەست پێشخەری گفتوگۆ لەلایەن سەدامەوە دەکات و بەڵگەی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە چۆن هەموو سەرکردەکانی ئەوکاتی حزبەکانی بەرەی کوردستانی بە ئیمزای هەموویان داوا لەکاک مسعود دەکەن و دەستەڵاتی تەواوی پێدەدەن بۆ سەرۆکایەتی گفتۆگۆ لەگەل سەدام حسین، دەست خەتی نوسینەکە و ئیمزای هەموویانی پێوەیە، هەرچەند سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێ نەداوە، بەڵام بەراوردی نامەکانی کۆچکردوو مام جەلالم کرد، پێدەچێ بەخەتی ئەو نوسرابێ.
وردەکاری تایبەتیی تێدایە لەسەر دانیشتن و چاخواردنەوەی خۆی و سەدام و مەترسی ژاراو خواردنی بەڵام دوایی هیچ گرفتیک نەبووە.

باسی زۆر روداو دەکات کە گرنگن ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان بیان زانن.
کشانەوەی ئیدارەی عیراق لە کوردستان و مەترسیەکانی بەڕێوەبردنی ژیان و گوزران دابینکردنی موچە و پەرتەوازەیی.
باس لە هەڵبژاردن و ئاکامەکانی دروستکردنی حکومەت و پەڕلەمان و پاشان شەڕ فرۆشیەکانی پەکەکە بەحکومەتی هەرێم و لێدانیان پاشان مجامەلە و داڵدەدانیان لەلایەن یەکێتیەوە.
باس لە هێنانەوەی تەرمی نەمران جەنابی مستەفا بارزانی و کاک ئیدریس و پێشوازی گەرمی جەماوەری کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی هێزەکانی ناخۆ دەکات.

شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی تەوەرێکی تری روداوەکانە و باسی لاساریەکانی بەشیک لەسەرکردایەتی یەکێتی لە غیابی مام جەلال و سوکایەتی پێکردنی یەکیتی بە رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کۆچکردوو مەلا عوسمان عبدالعزیز.
سەرۆک بارزانی ئاماژەیەک بەوەدەدات دوای ئەو سوکاتی پێکردنەی کە یەکیتی بە رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کردووە، شەرمی کردوە چاوی پێی بکەوێ، مەبەستی سەرۆک ئەوەیە یەکێتی سوکایەتیان بە مەلا عوسمان کردوە کەچی ئەو خۆی پێ شەرمەزار بووە!
ئەوەیە لوتکەی ئەدەب و پەروەردە..
بۆ ئەوەی شعوری بریندار نەبێتەوە و لێی نەپرسێ چی بەسەر هاتووە.

کتێبەکە باسی ئەوە دەکات جەبار فەرمان گوێی بە سەرۆک بارزانی نەداوە بۆ وەستاندنی شەری ئیسلامیەکان و دوای ئەوە دیلەکانیان بە نامرۆڤانە گوللە باران کردوون.
کە بەندە ئەوە بە سەرەتای لێکترازانی پەیوەندیە باشەکانی یەکێتی و پارتی دەبینم و ئیتر دوای ئەوە ساردی و ئاڵۆزی بێ متمانەیی دەستیپێکردووە.
باس لە روداوەکانی شەری ناخۆ و هەموو جەولەنی شەری ناوخۆ دەکات، ناوی هەندی سەرکردەو کادری هێناوە کە ئەوکات شەهید بوون.

باس لە سیناریۆیەکی ئەفسەرێکی سی ئای ئەی دەکات ساڵی ۱۹۹٥ کە گوایە بەهاوکاری ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و پشتیوانی دوو گاردی کۆماری سەدام کودەتا بەسەر سەدام دا بکەن و هەر لە سەرەتاوە سەرۆک بارزانی گومانی بۆ دروستبووە و نەکەوتۆتە ناو داوەکەوە، چونکە دوایی ئەمریکا بەفەرمی وتویەتی ئیمە ئاگاداری ئەو سیناریۆیە نەبووین.
لە ڕووی دیپلۆماسیەوە وردەکاری هەموو شاندیکی ئیران و عیراق و تورکیا و سوریا و ئەمریکا و بریتانیا و فرەنسا و وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی تێدایە و هەندێ وەفدی هەواڵگری هەموو ئەوانە باسم کردن تاراددەیەکی باش ئاماژەیان پێدراوە.
گەڕەکانی گفتوگۆی پارتی و یەکیتی و ڕۆڵی ئیران و عیراق و تورکیا لەسەر شەرەکانی ناوخۆ.
کاریگەری فاکتەری پەکەکە و هێزەکانی تر.

ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا ئەوەبوو کە من تازە هەندی زانیاری دەبیستم کە دوای ۳۱ی ئاب تا ساڵی ۱۹۹۷ تیش پارتی هەڕەشەی هەرسێ دەوڵەتی ئیران و عیراق و تورکیاشی لەسەربووە ، ئەوە جگە لە شەری ناوخۆ لەگەڵ یەکیتی و پەکەژە و زەحمەتکیشان و سۆسیالستی ئەوکات .

دڵنیام ئەگەر کادرانی حزب و جەماوەری کوردستان و گەلی کوردستان لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئەو زانیاریانەیان هەبوایە، رەنگە تاراددەیەکی کە کاریگەری سلبی لەسەر ورەی ناوخۆ دروستکردبا، بەڵام حماسەتی خەلک وەکو هەستێکی نەتەوەیی بۆ پشتیوانی پارتی زۆر بەهێزتر دەبوو.
کاتێک وردەکاریەکان و وەڵامەکانی پارتی لەمەڕ ئەو هەموو تەحەدیات و تەعدا و هەڕەشە و چاوسوور کردنەوەی ناوخۆ و دەرەکی لەپارتی دەخوێنیەوە ، کە هەمووی دیکۆمێنت و بەڵگە ئاخژن کراون، ئەو کات گەورەیی پارتی و بڕوای سەرۆک بارزانی و کاریزمای ئەو سەرکردە مەزنە و وابەستەیی دۆزی ڕەوای کوردت بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە کێشەی کورد یەعنی پارتی و پارتی واتا نوێنەرایەتی ڕاستە قینەی دۆزی رەوای گەلی کوردستان.

کتێبەکە باس لە تورکمان و بەرەی تورکمانی دوو جنرالی تورک دەکات کە ڕۆڵی زۆر خراپان لە پەیوەندیەکانی پارتی و تورکیا بینیوە و هەر ئەوەش وایکرد ورە بەرەی تورکمانی توشی هەلەی گەورە ببێت و پەرچەکرداری پارتی ببینن.

کتێبەکە لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆدا باس لە داهێنانی (میوانی ڕەزا سووک) دەکات.
کاتی شەڕی ناوخۆ ماڵە پارتیەکانی کە لەژێر دەستی یەکیتیدا مابوونەوە زۆر بەیان بەزۆر چەند ماڵێکی ئاوارەی یەکێتیان دەناردە ناوماڵیان و دەبوایە بەخێویان بکەن و حەمامیان بۆ گەرمبکەن و جلیان بۆ بشۆن و خواردنی باشیان بۆلێبنێن .
ئەوە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشا و ڕیکخستن و هەڤاڵانی سەر بە پارتی لە ژیر دەستی یەکێتی لەژیانیکی قورسی ئابوری، کۆمەڵایەتی و دەرونی و ئەخلاقیدا دەیان ناڵاند.

من لە کۆنگرەی۱۳ کە ئەوکات بەرپرسی لقی٤ ی پارتی بووم لە سلیمانی، لە ناوکۆنگرە ئەم بابەتەم وروژاند، لیژنەی سەرپەرشتی کۆنگرە ویستیان نەهێڵن قسە بکەم بەلام جەنابی سەرۆک وتی: وازی لێبینن با قسە بکات.
داکۆکیم لە مافی ئەو پارتیانە کرد کە ئەو زەحمەتەیان بینیوە و پێویستە قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.

کتێبەکەی سەرۆک ئاماژە بە وردەکاریەکان ناکات لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام پێی وایە ناشرینترین ڕەفتاربووە کە لەهیچ فەرهەنگێکی شەڕدا نەبیستراوە و بە داهینانی ناو یەکێتی ئەو کات ناوی دەبات، دەلێ هیچ شتیک ئەوەندە ئازاری نەداوم.

کتیبەکە باس لە هەوڵەکانی ئاشتی دەکات لەگەڵ سەرۆک مام جەلال و باس لەوە دەکات کە هەردولا ئەزموونێکی تاڵیان بەسەر بردووە و دەبێ بۆ هەتا هەتایە شەڕی ناوخۆ حەرام بکرێ.
باس لە سەردانی مام جەلال بۆ مەسیف سەلاحەدین و سەردانی خۆی وەک رەدی زیارەت بۆ دوکان بۆ لای مام جەلال سواربوونیان لەیەک سەیارە و ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی دەکات کە لێی کراوە.
باس لە ئامانج و کاری هاوبەشی بەیەکەوەیی و گەڕانەوەی متمانە و بڕوا دەکات و پێی وایە سەرکەوتن لە یەکڕیزیدایە.

باس لە هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق دەکات، لە سەر و حەددی ساڵێک پێش روخانی سەدام حسین هاوهەلویستی خۆی و مام جەلال و یەک وتاری کوردستانی دەکات.

ئەوەی ئەو کتێبە بخوێنێتەوە زۆر ڕاستی مێژوویی بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە بەچەواشە خەڵکی پێی فریودراوە و یان زۆرێک لە ڕوداوەکانیان هەر نە بیستووە.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی کتێبەکە ئەوەیە لەبەر ئەوەی روداوەکان سەرنج ڕاکێشن و زۆر شتی شاراوەی تێدا ئاشکرا کراوە، کە بۆ هەمووی بەڵگەکانی تێدایە، وە بەزمانێکی کوردی ڕەوان نوسراوە، خوێنەر دەستبەرداری نابێ تا تەواوی نەکات.

وێڕای دەست خۆشیم بۆ سەرۆک بارزانی
هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی باشی بۆ دەخوازم و لە خوا داواکارم بۆ کورد و کوردستان بیپارێزێ.

تێبینی: ئەوەی من نوسیومە خوێندنەوەیەکی خێرایە و ڕەنگە چارەگێکی روداوەکانی لەخۆی نەگرتبێ کە لە کتێبەکەدا باسکراون، باشترە کتێبەکە بەتەواوی بخوێنرێتەوە و بەڵگەنامەکان بە چاوی خۆتان ببینن.

۱۹/۸/۲٠۲۲

بەپەلە

بڵند نەوڕەس

کێ دەبێت بە سەرۆک کۆمار بڵند نەوڕەس ھاوکێشەی سیاسی ئەمجارەی عێراق جیاوازترە لە جارەکانی پێشوو، …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *