
گوتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە جارێکی دیکە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە دەربارەی پرسی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژارتنەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “هەنگاوی باش نراون بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانیش بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و پێشتریش چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بەڕێوە چووە”.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان گوتی: “بڕیارە جارێکی دیکە بە سەرپەرشتیی خاتوو پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دەربارەی پرسی ھەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەیەکی دیکە بەڕێوە ببەن و دوابڕیار بدرێت، ھەم لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن و ھەم دەربارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن”.
شیروان زرار ڕوونیشی کردەوە: “کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لەگەڵ دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن پێویستی بە شەش مانگ ھەیە تا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بکات، ئێمە چاوەڕێی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانین بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک.