دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی ناوخۆی راسپارد بۆ داخستنی هه‌موو ئه‌و شوێنانه كه تێیدا بازرگانی به چه‌كی بێ مۆڵه‌ته‌وه ده‌كرێت، هێزه ئه‌منییه‌كان چوونه سه‌ر مه‌یدانی فرۆشتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت له شاری هه‌ولێر و شوێنه‌كه‌یان داخست.
هه‌ر له سه‌ر ئه‌و راسپارده‌یه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، كه له‌پێناو كۆنترۆڵكردنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوانه‌كانی كوشتنه، به فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس چوونه مه‌یدانی فرۆشتنی چه‌ك و ته‌واوی شووێنه‌كه‌یان داخست.
له‌و چالاكییه‌دا هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به هه‌ڵمكه‌تێكی پشكنین بۆ هه‌موو شوێنه‌كه و ئه‌و ئۆتۆمبیلانه ده‌ستپێكرد، كه له مه‌یدانه‌كه بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هیچ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ك له‌و مه‌یدانه شاردرابێته‌وه، ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن.