
دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەست پێدەکەنەوە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە، کشانەوەی موقتەدا سەدر رەوشی عێراقی ئاڵۆزتر کردووە و دەشڵێ، پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە بێ پێکھاتەیەکی سەرەکی، بەربەست دەخاتە بەردەم پێکھێنانی حکوومەت.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، رەوشی عێراق دوای کشانەوەی کوتلەی سەدر ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا پێکھاتەیەکی زۆر سەرەکی لە پەرلەمان و حکوومەتدا بەشدار نییە، ئەمەش کێشەیەکی گەورە دروست دەکات، هەروەها لە کاتی دروستکردنی حکوومەتی نوێشدا دەبێتە بەربەست لە بەردەم لایەنی شیعی، چونکە دیار نییە حکوومەت بە بێ سەدر ھەتا چەند سەقامگیر و سەرکەوتوو دەبێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونیشی کردەوە، ھەوڵ ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەڵام ئەوە زیاتر دەکەوێتە سەر لایەنی چوارچێوەی شیعی بۆ پێکھێنانی حکوومەت، دەبێت چوارچێوەی ھەماھەنگی پێکھاتەکانی عێراق رازی بکەن بەشداری لە حکوومەتدا بکەن و حکوومەتێک دروست بکرێت شەرعیەتی یاسایی و دەستووریی ھەبێت.
عەبدوڵڵا ئاماژەشی دا، پێویستە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەنێو خۆیاندا بگەنە رێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، دوای دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیش، لەگەڵ لایەنەکاندا بگەنە رێککەوتن لەبارەی پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە