
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەخنەی توند لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەگرێت و بە سەرچاوەی ”مەترسییەكی گەورە“ بۆ سەر هەرێمی كوردستانیان دەزانێت.
غەیاس سورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی ڕاگەیاند: “پێویستە پارتی (پەکەکە) نەک هەر لە سلێمانی، بەڵکوو لە ھەموو باشووری کوردستان خۆی دەرنەخات و کار و چالاکیی سیاسی و سەربازی نەكات.
کاتێک (پەکەکە) لە کوردستانی باکوور کار و چالاکیی سیاسی ناکات، بەڵکوو ھەرێمی کوردستانی کردووە بە پەناگەیەک بۆ کار و چالاکیی سیاسیی خۆی، ئەمە بۆخۆی کارێکی ھەڵەیە.
لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو حزبە سیاسییانەی شۆڕشی چەکدارییان ھەیە، ئەم بەشەی کوردستان بکەن بە پەناگەیەک بۆ خەباتی سیاسی و چەکداری، چونکە قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو لایەکەوە ھەڕەشەی لەسەرە.
غەیاس سورچی، باسی لەوەش کرد: “نابێت پەکەکە ئەو دەرفەتە ئیستغلال بكات كە پێی دراوە یان شاری سلێمانی ببێت بە شوێنی ھەڕەشەی وڵاتانی دراوسێمان، خۆتان دەزانن ھەڕەشە لە سلێمانی کراوە.
کاروان خدر حسن
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە