
شاندێکی باڵای یەکێتی بە نهێنی سەردانی تورکیای کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەو وڵاتە،دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ پێوەندی پتەوی هەیە لەگەڵ میتی تورکیا.
بەپێ زانیارییەکانی چرکە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبوون لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، بە نهێنی و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن، سەردانی تورکیایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ( میت) کۆبونەتەوە.
زانیارییەکانی چرکە ئەوە ئاشکرادەکات:کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بووە و بافڵ و قوباد تاڵەبانی داوای ئەوەیان کردووە کە تورکیا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیدا بچێتەوە و چیتر بە چاوی گومانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی نەکات.
هەروەها بافڵ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە کێشەکانی لەگەڵ لاهوور جەنگی کردووە و تاوانباری کردووە بەوەی کە ئەو، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا بووە، چونکە پشتیوانیی لە پەکەکە دەکرد و لە سلێمانی ئازادیی تەواوی کارکردنیان پێداون. بافڵ بەڵێنیشی بە تورکیا داوە، ئەگەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا ئاسایی ببێتەوە، ئامادەن هەموو هاوکارییەکی تورکیا بکەن، وەکوو دەستپێشخەرییش بەشێکی زۆری بارەگاکانی پەکەکەیان لە سلێمانی داخستووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لایەنی تورکی هیچ بەڵێنێکیان بە بافڵ و قوباد تاڵەبانی نەداوە و گوتوویانە چاودێریی دۆخی سلێمانی دەکەن، ئەگەر یەکێتی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کرد، ئینجا هەنگاوی پێویست بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی دەنێن.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە