
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، بۆ سەرپێخستنی بەڕێوەبەراییەتییەکانی ھەڵەبجە لە ماوەی ئەم مانگەدا ڕەزامەندی داوە بە دامەزراندنی فەرمانبەر بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار و فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە، ڕاگەیاند: “ڕەزامەندیمان وەرگرتووە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بە دامەزراندنی ١٥ فەرمانبەر لە پسپۆڕی جیاواز کە پێویستمان پێیەتی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی میلاک کە گەورەترین کێشە بوو بۆمان، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگی حکوومەتە بۆمان”.
ناوبراو وتیشی: “سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، ھەوڵی ئەوە دەدەن فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە دەست بەکاربێت و خزمەت بکات، ھاوکات دەڵێ، لە ڕێگەی فۆرمێکی ئۆنلاین فۆرم بۆ ئەو کەسانە پڕدەکەینەوە کە خواستی دامەزراندنیان ھەیە و مەرجەکان دەیانگرێتەوە، بەیانی ١٠ ئادار لە پەیجی فەرمیی فەرمانگەکەمان بەردەست دەبێت، ئەو کەسانەی زۆرترین خاڵیان ھەبێت ھەڵیان دەبژێرین و داواکارییەکەی قبووڵکراو دەبێت، ساڵی دەرچوون و کەسوکاری پلەیەکی شەھید و کۆنمرە”.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە، ئەو پسپۆریانەی کە پێویستیان پێیانە، باس دەکات و دەڵێت: “ئەندازیاری شارستانی و یاسا و کارگێڕی و ئایتی و زانستی ژینگە و ژمێریاری، ئەندازیاری کشتوکاڵ و بایۆلۆجی و کۆمپیوتەر و ژمێریاری، ھەروەھا مەرجی سەرەکیش دەبێت دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجەبن”.