
سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە داهاتەكانی سلێمانی لەجیاتی ئەوەی بۆ خەزێنەی گشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێنەوە، دەچنە گیرفانی حزبەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە.
دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند، بافڵ تاڵەبانی، ناتوانێت حزبەکەی بەری بکات لەو گەندەڵییە فراوانەی لە زۆنی سەوز ئەنجام دەدرێت، چونکە شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە بەدەست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا یەکێتی بەپێی پێویست خزمەتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی نەکردووە.
گوتیشی: ”لە زۆنی سەوز چەندین دەروازەی نێودەوڵەتی و لاوەکی هەن و داھاتێکی زۆر باشیان ھەیە، بەڵام داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان بۆ خەڵکی شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج ناکرێت، بەڵکوو داھاتەکەی دەچێتە گیرفانی حزبەکەی کاک بافڵەوە و خەڵکیش نیگەرانە و گلەیی ئەوە دەکات، بۆچی داھاتی شاری سلێمانی بۆ خەڵکی شارەکە خەرج ناکرێت؟“
دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە داھاتی شاری سلێمانی و دەوروبەری بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی شەفافانە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت.