
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ھیچ شێوەیەک ئاگاداری داھاتی سنووری پارێزگاکە نین، وەک لایەنی پەیوەندیدار لە ئەنجومەن چەندین جار بە دواداچونمان کردووە و تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونمان لەسەر وردەکاریی داھاتی سنورەکە نییە.
مینا سامی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاند: “ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان وەک ئەنجومەنی پارێزگا بە دواداچوونی وردمان دەربارەی بڕی داھات و جۆرە جیاوازەکانی داھات لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە، بۆ ئەوەش چەندین جار کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربارەی ئەو پرسە کردووە، بەڵام تا ئێستاش بۆمان ڕوون نەبووەتەوە داھاتی ڕەسمیی پارێزگاکە چەندە.
وتی: ئەوەی پەیوەندیی بە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە ھەیە، بریتییە لە ڕسوومات و باج و داھاتی گومرگی و نەوت و کانزاکان، بۆ ئەمە بە دیاریکراوی لەگەڵ بەرپرسی خەزێنەکان کۆ بووینەتەوە، بەڵام ئەوان تەنانەت بە ژمارە حسابیش ئامادە نەبوون ھیچ زانیارییەک لەسەر ئەو بابەتە بە ئەنجومەنی پارێزگا بدەن، لە کاتێکدا ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسا ئەو دەسەڵات و مافەی ھەیە کە ئاگاداری ورد و درشتی کۆی داھاتەکان بێت، تەنھا شتێک ڕوونە بۆ ئێمە ئەوەیە کە گرفت و ناڕوونی لە کۆکردنەوەی داھات ھەیە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ھیچ شێویەک ھەماھەنگ نین لەگەڵ ئێمە و زانیاریمان پێ نادەن”.
ناوبراو گوتیشی: “ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ئەنجومەنی پارێزگا دەبوو ھەموو ئەو داھاتانەی کە لە سنووری پارێزگاکە ھەیە بە ژمارە حیساب ھاتبایە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، تەنانەت بە ژمارە حیسابیش ھیچ زانیارییەکی دیاریکراومان نییە”.