
ئەمڕۆ، یەکشەممە 20/2/2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە چوارچێوەی بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا گوتی، بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هاتنی ئێمە بۆ بەشداری لەم کۆنفرانسەدا بۆ ئەوە بووە کە تێڕوانینی خۆمان وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو و چەندین دیداری دوولایەنەشمان هەبووە لەگەڵ زۆربەی ئەو بەشداربوانەی کە هاتوونەتە ئێرە، هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە ژمارەی بەشداربوان کەمتر بوو، بەڵام توانیمان چەندین دیدار بکەین و لە دیدارەکاندا ڕوانگەی هەرێمی کوردستان لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، بخەینە ڕوو، هەروەها گوێ لە بیر و بۆچوونەکانی ئەوانیش بگرین، پێم وایە کۆبوونەوەکانمان بەرهەمی باشیان دەبێت و تێگەیشتنی باشیشمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە هەبووە.
سەبارەت بە هەڵویستی بەشداربوانی کۆنفرانسەکە لەسەر دواین بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە، بەڵام ئێمە نیگەرانیی خۆمان پێشان داوە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کە بەسیاسی کراون و بەداخەوە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بوو بۆ شیکردنەوەی بابەتەکان قسەی پێویستمان لەسەر کردوون.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە سێ بابەتی بنەڕەتی هەبوون بۆ ئەوەی لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا قسەیان لەسەر بکرێت کە بریتین بوون لە بابەتی سیاسی و ئابووری و ئاسایش، کە ئێمە لەسەر هەمووی بابەتانە بیروبۆچوونی هەرێمی کوردستانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان باس کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە دەستوور دەبێتە بنەما بۆ ئەوەی ئێمە پاریزگاری لە مافەکانی خەڵکی خۆمان بکەین و بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین و هەر ڕێگەیەکیش پێویست بێت بۆ پێشگرتن لەو غەدر و زوڵمەی دژی مافی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەیگرینە بەر بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی میللەتی خۆمان بکەین.