یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هەڵمەتی داخستنی یانە شەوانەکان لە پارێزگای هەولێر خستەڕوو و دەڵێت “ئەم هەنگاوە جێگەی تەقدیرە و هەبوونی ئەو جۆرە یانە و باندانە مەترسی گەورەن بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی”.
دەقی ڕاگەیەنراوی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:-
لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، باندێکی گەورەی لەشفرۆشیان دەستگیر کرد و چەند یانەیەکی شەوانەشی داخست کە مەترسی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە لەڕووی شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندنەوەی سنوور و بەها ئەخلاقییەکان و تێکدانی نەریت و ڕەوشتی ڕەسەنی کوردەواری، هەروەها لەگەڵ هیچ بەهاو پێشکەوتنێک یەکناگرێتەوە و پێچەوانەی بنەمای یاسایی و رێساکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.
لەو سۆنگەوە یەکێتی زانایان دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکات و ئەم بڕیارەی حکوومەت و پارێزگای هەولێر بەرز دەنرخێنێت و بەلایەوە هەڵوێست و هەنگاوێکی پێویست و دروستەو جێی پێزانینە، چونکە یەکێتی زانایان لەو رووەوە هەوڵی خۆی داوە و پەرۆشی نەریت و رەوشت و بەهای کۆمەڵگەیە و نایەوێ بەهیچ شێوەیەک تێکبچێت، بۆیە خوازیارە حکوومەت لەو هەوڵ و هەنگاوانه بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو شوێن و کەس و یانانەی مەترسیان بۆ کۆمەڵگە و شیرازەی کۆمەڵایەتی هەیە دابخات و رێکاری پێویست لە بەرامبەریان بگرێتەبەر