لە بەریتانیا پەرستارێك دوای ئەوەی حەبی ڤیاگرا بەکاردەهێنێت، لە کۆرۆنا چاکدەبێتەوە
مۆنیکا ئەلمیدیای تەمەن 37 ساڵان کە لە بەریتانیا پەرستارە و دوای ئەوەی تووشی کۆرۆنا دەبێت، 28 رۆژ بەبێ هۆشی لە چاودێریی چڕ دەمێنێتەوە و 3 رۆژ پێش ئەوەی ئامێری هەناسەدانەکەی بکوژێننەوە، بە وەرگرتنی بڕێكی زۆر لە ڤیاگرا چاکدەبێتەوە.
مۆنیکا کە خۆی تووشبووی رەبۆیە، لە بەریتانیا لە سەنتەری خزمەتگوزاریی تەندروستیی وڵاتەکە کاردەکات، دوای ئەوەی لە 31ی کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر تووشی کۆرۆنا دەبێت، نیشانەکانی وردە وردە دەستپێدەکەن و نەخۆشییەکەی قورسدەبێت.
بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستییەوە پەرستارەکە لە بەشی چاودێریی چڕ دەخەوێندرێت و دەخرێتە دۆخی کۆما “بێهۆشی بە دەرمان”
لەدوای بێهیوابوون لە نەدۆخی پەرستارەکە، وەکو بەشداریکردن لە توێژینەوەی کاریگەریی دەرمانەکان لەبارەی کۆرۆنا، دەرمانی ڤیاگرای بۆ بەکاردەهێندرێت، کە بیرۆکەکەی لەوە هاتووە دەتوانێت هاوشێوەی ئۆکسیدی نایتریک ئۆکسجینی کەسەکە زیادبکات.
پێدانی دەرمانی ڤیاگرا بە تووشبووانی کۆرۆنا دوای ئەوە دێت کە نەخۆشەکان یان خێزانەکەیان رازیدەبن بۆ بەشداریکردن لە توێژینەوەیەک لەبارەی تاقیکردنەوەی دەرمانە جیاوازەکان بۆ چارەسەری کۆرۆنا.
ڤیاگرا دەرمانێكی ناسراوە و ناوی بازرگانی دەرمانی سێلدینافیلە کە لە گروپی ئەو دەرمانانەیە بۆ چارەسەری لاوازی توانای سێکسی و رەقنەبوون و رەپنەبوونی چووک لە پیاوان بەکاردەهێندرێت، هاوکات بۆ بەرزەپەستانی خوێنی سییەکان سوودی هەیە.