
راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا رایگه‌یاند، ئەمشەو به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووه‌وه و گەیشتە ئەم بڕیارانە:
یه‌كه‌م/ ماوەى پێدانى ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم رێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
دووەم/ ئەنجامدانى پشکنینى کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەى لە دەرەوەى کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینى خێراى کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و مەرزى حاجى ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.
سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.
چواره‌م/ دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەى لەشارەکانى دیكه‌ی خوار و ناوەڕاستى عێراقەوە سەردانى هەولێر پایتەخت دەکەن، پشکنینى کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەى 72 کاتژمێرى تێپەڕنەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانى گەشتیارى بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستى رەشەوە.
پێنجەم/ سه‌رجه‌م کارمەندانى فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، کارمەندانى کەرتى تایبەت (بازرگانی، ریستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه، یانەى شەوانە، هۆڵ) ده‌بێت ڤاکسین وەرگرن و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و رێككاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێ بكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچارى رێکكارى یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.
شەشەم/ بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێر راسپێردرا را و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزاره‌تی ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنامایی نوێى لەبارەوە دەربچێت.
حەوتەم/ ئەگەرچى لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماوە و جددین، بەتایبەتى مەترسییەکانى هاتنى (ئۆمیکرۆن) خێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتى گشتیى و پاراستنى خۆتان و ئازیزانتان پابەندنى تەواوى ڕێنمایی و رێکكارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتى بەستنى (ماسک).
هەشتەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێككارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتربکەن.
نۆیەم/ ئه‌م رێككارانه له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 4 له‌سه‌ر 5ى 1ی 2022 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر
2022.1.4